سەرۆکی بارسێلۆنا: لەبەر بەرژەوەندی بارسا، مێسیم بەڕێکرد


رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، جارێکی دیکە هەڵوەستەی لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ یانەکەی کرد و دووپاتیکردەوە، بابەتەکە تەنیا پارە نییە.
 
لاپۆرتا لەلایەن هاندەرانی بارسێلۆنا تۆمەتبارە بەوەی هەوڵینەداوە لیۆنێل مێسی لە یانەکە بمێنێتەوە و هۆکار بووە بۆ رۆیشتنی ئەو ئەستێرەیە لە یانەکە، کاتێک هاوینی 2021 یانەکەی بەجێهێشت و پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە کرد.
 
مێسی لە ماوەی رۆیشتنەکەیدا، گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا کۆتایی هاتبوو، لەگەڵ یانەکەش نەگەیشتە رێکەوتن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، چونکە یاساکانی یاریی خاوێن، بەربەستی زۆری لەبەردەم گرێبەستە نوێیەکەدا دروستکرد.
 
لاپۆرتا، قسەی بۆ میدیای ئیسپانیا، کردووە، دەڵێ "ئەگەر ژیان بگەڕێتەوە، هەمان بڕیاری دەستهەڵگرتن لە مێسی نادەم، بەڵام ئەوکات دەبوو ئەوە بکەم".
 
هەروەها دەڵێم "هیچ بژاردەیەکی دیکەم نەبوو، هەست بەدڵتووندی دەکەم بۆ ئەو بڕیارە، بەڵام دەبوو بەرژەوەندیی دامەزراوەی بارسێلۆنا بخەمە پێش هەموو شتێک، من بەرژەوەندیی بارسام هەڵبژارد".
 
لە دوای رۆیشتنی مێسییەوە لە بارسێلۆنا، پەیوەندی نێوان ئەو یاریزانە و لاپۆرتا ساردە، لە ماوەی رابردوودا لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی زە بێست، باسی ئەوە کرا کە مێسی و لاپۆرتا لەگەڵ یەکدا قسەیانکردووە، بەڵام لاپۆرتا ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێ، "لە ئاهەنگەکەدا لەگەڵ مێسی قسەم نەکرد، تەنیا نیگامان گۆڕییەوە و تەواو".
 
لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا، لاپۆرتا دەڵێ، "بابەتەکە پەیوەندی بەپارەوە نییە، بەڵکو بە پێزانینەوە هەیە، بەڵام دەبێ رێز لەوە بگرین کە ئەو ئێستا لە پاریس سانجێرمانە".