ڤیدیۆ؛ تۆتێنهام و ئێڤێرتۆن رێزیان لە قوربانیانی جەنگی ئۆکراینا گرت

08-03-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تۆتێنهام ئێڤێرتۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو یانەی ئینگلیزی، تۆتێنهام و ئێڤێرتۆن بەر لە دەستپێکردنی یارییەکەیان، پشتگیریی خۆیان بۆ قوربانیانی جەنگ لە ئۆکراینا نیشاندا.
 
لە دوایین یاریی گەڕی 28ـی پرێمەرلیگدا، تۆتێنهام لەسەر یاریگەی خۆی لە لەندەن میوانداری ئیڤێرتۆنی کرد و 5-0 لێیبردەوە.
 
بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، یاریزانان و جەماوەری نێو یاریگەکە ماوەی خولەکێک چەپڵەیان لێدا، وەک پشتگیرییەک بۆ قوربانیانی ئەو جەنگەی سوپای رووسیا لە دژی ئۆکراینا هەلیگیرساندووە.
 
یەکێک لە ئامادەبووانی نێو یاریگەکە ڤیتالی میکۆلێنکۆی یاریزانی ئۆکراینی یانەی ئێڤێرتۆن بوو، کە زۆر بە توندی چەپڵەی بۆ قوربانیانی وڵاتەکەی لێدا، کە ئەو لەم یارییەدا لەسەر کورسی یەدەگ بوو.
 
تۆتێنهام بنمیچی یاریگەکەیشی بە رەنگەکانی ئاڵای ئۆکراینا نەخشاندبوو، کە یارییەکی بەهێز بەڕێوەچوو، تێیدا کوڕانی ئەنتۆنیۆ کۆنتی توانیان سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر تیپەکەی فرانک لامپارددا تۆمار بکەن و 5 جار تۆڕی گۆڵەکەیان هەژاند.
 
گۆڵەکانی تۆتێنهام، لە لایەن هاری کەین دوو گۆڵ و هەریەک لە هیۆنگ مین سۆن و ریگیلۆن گۆڵێک تۆمارکران و گۆڵێکیش لە لایەن مایکل کینی بەرگریکاری ئێڤێرتۆنەوە بە هەڵە لە گۆڵی خۆیان تۆمارکرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە