سەرۆکی بارسێلۆنا: پەشیمان نیم لە نوێنەکردنەوەی گرێبەستی مێسی

08-03-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی خوان لاپۆرتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، دووپاتیکردەوە کە پەشیمان نییە لەوەی گرێبەستی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی نوێنەکردووەتەوە، بەڵام جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە بڕیارەکەی بەناچاری بووە، ئەگەرنا زۆر ئازاربەخش بووە.
 
کاتێک سەبارەت بە نوێنەکردنەوەی گرێبەستی مێسی پرسیاریان لێکرد، لاپۆرتا راشکاوانە وەڵامی دایەوە و گوتی "من پەشیمان نیم لەوەی گرێبەستی لیۆنێل مێسیم نوێنەکردووەتەوە، من بارسێلۆنا لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێم، بارسێلۆنا لە هەموو راهێنەران و تەنانەت لە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێش گەورەترە".
 
ئەو لە بەردەوامی وەڵامەکەیدا، گوتی "ئەگەر هەڵسەنگاندنێک بکەم، دەڵێم نوێنەکردنەوەی گرێبەستی مێسی بڕیارێکی زۆر ئازاربەخش بوو، هەرگیز نەمدەویست ئەو بڕیارە بدەم، بەڵام پەشیمان نیم لەوەی بڕیارەکەم داوە".
 
باشترین رووداو لە یەکەم ساڵی گەڕانەوەت وەک سەرۆکی بارسێلۆنا؟ ئەمە پرسیارێکی دیکە بوو بۆ لاپۆرتا، کە لە وەڵامدا گوتی "باشترین رووداو بوونی چاڤی هێرناندێزە بە راهێنەری بارسێلۆنا، کە عەقڵیەتی بردنەوەی بۆ تیپەکەمان گەڕاندووەتەوە، ئەو هێشتا لەم وەرزەدا هەندێک ئاسوودەییمان بۆ دێنێت لە یۆرۆپالیگدا، بۆچی ناڵێین لە لالیگاشدا". ئینجا سەرۆکی بارسا گوتیشی "بردنەوەی نازناوی لالیگا زەحمەتە، بەڵام هێشتا هیوایەک هەیە". 
 
سەبرەت بە ناخۆشترین ساتەوەختیشی لەو ماوەیەدا؟ گوتی "بێگومان خراپترین و ناخۆشترین ساتەوەخت لە یەکەم ساڵمدا، بەڕێکردنی بەناچاریی لیۆنێل مێسی بوو".
 
ئەو باسی رۆناڵد کۆمانی راهێنەری پێشووی یانەکەیشی کرد و روونیکردەوە "دەبووایە پێشتر دەستبەرداری رۆناڵد کۆمان ببم و جلەوی تیپەکە بدەمە دەست چاڤی هێرناندێز بۆ ئەوەی عەقڵیەتی سەرکەوتنمان بۆ بگەڕێنێتەوە".
 
دوا قسەشی سەبارەت بە دۆخی دارایی و ئابووری بارسێلۆنا بوو، کە گوتی "لە رووی داراییشەوە دۆخی یانەکەمان بەرەو باشی دەچێت، بەڵام هێواشتر لە لایەنە وەرزشییەکە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە