رافینیا نهێنی پەیوەندی خۆی و چاڤی ئاشکرا دەکات

08-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا رافینیا یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رافینیای هێرشبەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، نهێنی پەیوەندی نێوان خۆی و چاڤی هێرناندێزی راهێنەری پێشووی یانەکەی ئاشكراکردووە، باسی لە وەرزی ئەمساڵی یانەی بارسێلۆناش لەگەڵ هانزی فلیکی راهێنەر کردووە.
 
رافینیا وەرزی رابردوو نزیکبوو لە بەجێهێشتنی یانەی بارسێلۆنا، پاشئەوەی میدیاکان باسیان لەبوونی ناکۆکی لەنێوان ئەو و چاڤی هێرناندێزدا کرد. بەڵام ئەمساڵ لەگەڵ هانزی فلیک، رافینیا وەرزێکی نموونەیی پێشکێشدەکات و بووەتە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی تیپەکە.
 
رافینیا، وێڕای بوونی چەندین هێرشبەری کاریگەر لە هێڵی پێشەوەی بارسا، بەڵام ئاستێکی ناوازەی هەیە و لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکانی وەرزی ئەمساڵدا گۆڵی تۆمارکردووە.
 
هێرشبەرە بەرازیلییەکە، لە لێدوانی بۆ میدیای فەرەنسا ئاشکرایکردووە، فلیک بەرلەوەی مەشقدانی بارسا وەربگرێت، داوای مانەوەی لێکردووە.
 
ئەو دەڵێ، "کاتێک هاتنی هانزی فلیک بووە فەرمی، پەیوەندی پێوەکردم و گوتی، تۆ یەکێک دەبیت لەو یاریزانانەی پشتی پێدەبەستم، بەبێئەوەی من ببینێت یان بزانێت چۆن مەشقدەکەم".
 
هێرشبەرە بەرازیلییەکە دەڵێ، "ئەوە هەڵوێستێکی گرنگ بوو و هۆکاری سەرەکیی مانەوەم بوو لە یانەکە، چونکە دەمزانی ئەوە زۆر گرنگە بۆ بەردەوامبوون و بەدەستهێنانەوەی ئارامی و متمانەی پێویست، لەپێناو کاری باش لە یانەکە".
 
لەبارەی پەیوەندی خۆیەوە لەگەڵ چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا، رافینیا دەڵێ، "ئەگەرچی زۆر دەنگۆ هەبوو لەبارەی رۆیشتنم لە یانەکە، بەڵام چاڤی بەردەوام پێیدەگوتم کە پشتم پێدەبەستێت، ئەگەر ئەو نەبووایە من هەرگیز خەونەکەم بەپۆشینی درێسی بارسێلۆنا نەدەبووە راستی، چاڤی سەداسەد دڵنیابوو لەوەی کە بەکاری لێبڕاوانە دەبمە یاریزانێکی گرنگی تیپەکە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "پێویستە سەرکردە بەمانای وشە بجەنگێت، جەنگان لەپێناو یانەکە و درێسەکەی، لەپێناو هاوڕێکانی لە تیپەکە، دەبێ ناوازەبێت و هاوکاریی یاریزانە لاوەکان بکات و دێرینەکانیش بکات. من لە هەر شوێنێک بم، بەردەوام هەوڵدەدەم هەمووان دڵخۆش بکەم".
 
رافینیا، لەبارەی ئەگەری بەدەستهێنانی نازناوی ئەمساڵی لالیگاوە دەڵێ، "تۆپی پێ پێشبینی هەموو شتێکی لێدەکرێت، دەکرێ لێرەوە تاوەکو کۆتایی وەرز زۆر شت رووبدەن، ئێمە یاری باشمان کردووە لە وەرزی ئەمساڵدا، بەتایبەت لە چامپیۆنزلیگ، بەڵام لە خولدا کەمێک خراپتر بووین، هەوڵدەدەین تاوەکو کۆتایی لەپێناو نازناوەکەدا بجەنگین".
 
رافینیا لەگەڵ بارسێلۆنا لە وەرزی ئەمساڵدا، بەشداری لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا کردووە و لە 34 یاریدا بەدرێسی یانەکەوە دەرکەوتووە و 23 گۆڵ و 15 ئەسیستی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە