ناوێکی چاوەڕواننەکراو بۆ راهێنەرایەتیی میلان

08-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەیسی میلان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئیتاڵیا باس لە راهێنەرێکی چاوەڕواننەکراو دەکات، بۆ وەرگرتنی یانەی میلان لە ئەگەری دوورخستنەوەی ستیفانۆ پیۆلی لە راهێنەرایەتیی یانەکە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیتاڵیا، بەربژێرە نوێیەکەی راهێنەرایەتیی یانەی میلان، گراهام پۆتەر، راهێنەری ئینگلیزیە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا ئەو یانە وەربگرێت، لەکاتێکدا ماوەیەکی زۆرە بێ کارە و هیچ یانەیەکی لە دوای رۆیشتنی لە یانەی چێڵسی وەرنەگرتووە.
 
رادیۆی تۆک سپۆرتی ئیتاڵی نووسیوویەتی "10 مانگە پۆتەر لە راهێنەرایەتیی چێڵسی دوورخراوەتەوە، ئەگەری هەیە لە رێگەی میلانەوە بگەڕێتەوە نێو کاری راهێنەرایەتی."
 
پۆتەر وەرزی رابردوو لە شوێنی تۆماس توخێل بووە راهێنەری یانەی چێڵسی، بەڵام نەیتوانی ئەنجامی باش لەگەڵ یانەکە بەدەستبهێنت و لە کارەکەی دوورخرایەوە، لەو کاتەوەش بێ کارە.
 
جگە لە میلان ناوی گراهام پۆتەر بە هەڵبژاردەی سوێد و یانەی لانسی فەرەنسییەوە بەستراوەتەوە و کارگێڕیی هەردوولا هەوڵی رازیکردنی راهێنەرەکە دەدەن.
 
لەگەڵ پۆتەر بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی رۆسۆنێری ماوەیەکی زۆرە ناوی ئەنتۆنیۆ کۆنتی دەهێنرێت، کە ئەویشیان ماوەیەکی زۆرە سەرپەرشتی هیچ یانە و هەڵبژاردەیەک ناکات، بەڵام هێشتا بڕیاری گەڕانەوەی نەداوە.
 
ستیفانۆ پیۆلی لە 2019ـەوە راهێنەری یانەی میلانە، هەرچەند ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی سێریا ئەیە، بەڵام هاندەرانی یانەکە لە دۆخی تیپەکەیان ناڕازین و چاوەڕواندەکرێت لە کۆتایی ئەم وەرزەدا راهێنەرەکە دووربخرێتەوە، یان خۆی واز لە کارەکەی بهێنێت.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە