راهێنەری ئێران بەرپرسی یەکەمی دۆڕانی هەڵبژاردەکەی ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران دڵتەنگیی خۆی بەرامبەر ماڵئاواییکردنی هەڵبژاردەکەی لە جامی ئاسیا پێشاندا و بەرپرسی یەکەم لە دۆڕانی تیپەکەی ئاشکرا دەکات.
 
ئەمیر قەلعەنویی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەیان بەرامبەر قەتەر قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "لە رووی هونەرییەوە ئاستێکی زۆرباشمان پێشکێشکرد، بەڵام سەبارەت بە پرسیارەکەت کە بۆچی دۆڕاین، ئەمە تۆپی پێیە و شتگەلێکی لەو شێوەیە روودەن، بینیتان زۆر تیپ وەک سعودیە، کۆریای باشوور، ئوسترالیا و ژاپۆن بەو شێوەیە بوون و کرانە دەرەوە."
 
قەلعەنویی لەبارەی ئاستی تیپەکەی لە یارییەکەدا گوتی "من لەو بڕوایەدام کە لە رووی هونەرییەوە زۆر زۆرباشبووین، ئەگەر دەتەوێت کەسێک تاوانبار بکەیت بۆ ئەم شکستە، ئەوا ئەو کەسە من، نەک فیدراسیۆنی تۆپی پێ یان یاریزانێک، من تاکەکە کەسم کە بەرپرسیارەتیی دۆڕانەکەی دەکەوێتەسەر و پێموایە ئەمڕۆ یەکێک لە خراپترین رۆژەکانی ژیانمە."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران داوای لێبوردن لە گەلی ئێران دەکات و دەڵێت "دەمەوێت داوای لێبوردن لە گەلی ئێران بکەم بۆ ئەم کەوتنەمان، بەڵام بینیتان زۆر هەڵبژاردەی گەورە لە پاڵەوانێتییەکەدا چوونە دەرەوە."
 
ئەمیر لەبارەی گۆڕانکاریکردنی بە مەهدی تارمی گوتی "گرنگی بە ناوەکان نادەم و بوێری ئەوەم هەیە گۆڕانکاری بە هەر یاریزانێک بکەم."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە هەمیشە دەمەوێت باشترین پێشکێشبکەین، تیپەکەم ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، بەڵام دۆڕاین."