ئەو رووداوەی یەکەمجارە لە مێژووی ئاسیادا روودەدات

رووداو دیجیتاڵ
 
راهێنەری هەڵبژاردەی قەتەر، دڵخۆشیی خۆی بە سەرکەوتنی تیپەکەی بۆ یاریی کۆتایی جامی ئاسیا پێشاندا و دەڵێت "هیچ کاتمان لەبەردەست نییە و دەبێت بەپەلە ئامادەکاری بۆ یاریی کۆتایی بکەین."
 
مارکێز لۆپێز، راهێنەری هەڵبژاردەی قەتەر، لە دوای بردنەوە مێژووییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران و گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئێمە لە یارییەکەدا ئامانجەکەمان پێکا، بردمانەوە و گەیشتینە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیە کیشوەرییەکە، ئەمە سەرکەوتنێکی مێژووییە و بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی گەورەیە کە شایستەی هەموو رێزگرتنێکە."
 
راهێنەری قەتەر زیاتر گوتی "یارییەکە زۆر زۆر زەحمەت بوو، بەڵام سەرکەوتوو بووین لە پێشکێشکردنی ئاستێکی پاڵەوانانە لەلایەن یاریزانەکانە و ئەوان بەهیچ شێوەیەک کەمتەرخەمیان نەکرد، ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین و دوای ئەوە دەبێت خۆمان بۆ یاریی ئوردن ئامادەبکەین."
 
لەبارەی خۆ ئامادەکردنیان بۆ یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، مارکێز لۆپێز بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئێمە کاتمان لەبەردەمدا نییە، زۆر گرنگە هەرچی زووە دەست بە ئامادەکاری بکەین."
 
ئەوەی بۆ هەمووان جێگەی سەرنجە و یەکەمجارە لە مێژووی ئاسیادا روودەدات، ئەوەیە کە مارکێز لۆپێز لە مانگی 12ـی 2023 بووە راهێنەری هەڵبژاردەی قەتەر، بەڵام تیپەکەی گەیاندە یاریی کۆتایی، لەمبارەیەوە لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ماوەیەکی کەمە بووەتە راهێنەری قەتەر، بەڵام چۆن توانیی بگاتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا؟ راهێنەری پاڵەوانی جامی ئاسیای رابردوو و دەڵێت "بەڵێ، ماوەیەکی کەمە پۆستی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەکەم وەرگرتووە، بەڵام ئەوەی لەم ماوەیە کورتە یارمەتیدەربوو ئەوەیە کە یاریزانە زۆرباش دەناسم، لە راستیدا ماوەیەکی زۆرم لە قەتەر بەسەر برد، بێگومان زۆر دڵخۆشم، چونکە رێگاکە ئاسان نەبوو، بەپێچەوانەوە زۆر قورس بوو، بەڵام یاریزانەکان پابەندی رێنوێنییەکان بوون، فەلسەفە و بیرۆکەکانمانیان لە یاریگەدا بەتەواوی جێبەجێکرد، بۆ ئەوەش جارێکی دیکە سوپاسیان دەکەم."
 
لۆپێز سوپاسی پاڵپشتیی هاندەران و نزیکەکانی دەکات و گوتی "جارێکی دیکە سوپاسگوزارم بۆ ئەو پاڵپشتییەی لە ئیسپانیا، لەلایەن هاوڕێ و هاوکارانمەوە لێم دەکرێت، ئێستا هەنگاوێک لە گەیشتن بە ئامانجە پێشبینیکراوەکەمان نزیکبووینەوە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا راهێنەری قەتەر گوتی "رێز لە هەموو ئەوانە دەگرم کە پێش من راهێنەرایەتیی قەتەریان کردووە و هەر راهێنەرێک شێوازی تایبەتی بە خۆی هەیە."
 
قەتەر لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیادا، بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە هەڵبژاردەی ئێرانی بردەوە، بۆ جاری دووەم لەسەریەک گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و رۆژی شەممە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن یاریی دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکە.