'تەنگژەی ڤینیسیۆس' هەڕەشە لە ریال مەدرید دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێن یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر ئەنجامە خراپەکانی خۆی لە ماوەی رابردوودا و بەتایبەت دۆڕان بەرامبەر ریال مایۆرکا لە لالیگا، ئەمشەو بەرامبەر ئەهلی میسری ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنێت و خۆی بگەیەنێتە یاری کۆتایی مۆندیالی یانەکان و نازناوەکەش بباتەوە، 'تەنگژەی ڤینیسیۆس' باڵی بەسەر دۆخەکەدا کێشاوە.
 
ریال مەدرید، ئەمشەو کاژێر 10:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یەکەم یاریی خۆیدا لە مۆندیالی ئەمساڵی یانەکان، بەرامبەر ئەهلی میسری یاریدەکات و گومان هەیە لەوەی ئەو یانەیە بە ئاسانی دەستی بگاتەوە نازناوەکە.
 
یارییەکە لە ریبات بەڕێوەدەچێت و براوەکەی بۆ یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە سەردەکەوێت کە بەرامبەر هیلالی سعودی دەبێت.
 
تۆڕی 'دیڤێنسا سێنتراڵ'ی ئیسپانی دەڵێ، هەندێک لە چوادەوری ریال مەدرید، لە بایەخی یارییەکەی ئەمشەو کەمدەکەنەوە، چونکە بەرامبەر ئەهلییە و بەلایانەوە گرنگ نییە ریال مەدرید نازناوەکە دەباتەوە یان نا، بەڵام ئەوەی راستییە ئەوەیە کە نازناوی ئەم جامە، بەرهەمی سەرکەوتنەکانی وەرزی رابردووی ریال مەدریدە بەرامبەر یانەکانی پاریس سانجێرمان، چێڵسی، مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول، لە چامپیۆنزلیگدا.
 
تۆڕەکە سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە، کە ریال مەدرید ئەمشەو بەهێزێکی کەمترەوە دەردەکەوێت، ئەوەش بەهۆی کاریگەریی توانای جەستەیی لەسەر یاریزانەکانی و زۆریی ژمارەی ئەو یاریزانانەی یانەکە کە یاری ناکەن بەهۆی پێکانەوە.
 
'دیڤێنسا سێنتراڵ' هەروەها دەڵێ، "جیناتی رکابەریی و بوونی نازناوێک لەبەردەم یاریزانانی مێرەنگێدا وا دەکەن ئەو بەربژێری گەورەی بردنەوەی نازناوەکە بێت".
 
تۆڕەکە روونیکردووەتەوە، "مەترسیدارترین شت کە کاریگەریی زۆری لەسەر فۆکەسی یاریزانانی ریال مەدرید لە یارییەکەی ئەمشەودا دەبێت، ئەو هەموو هەڵا و بڵاوکراوە جیاوازەیە کە لە کاژێرەکانی رابردوودا دووپاتیان لەوە کردووەتەوە کە ڤینیسیۆس جۆنیۆر، لە یاریگەکانی ئیسپانیادا رووبەڕووی سووکایەتی و رەگەزپەرستی بووەتەوە بەهۆی رەنگی پێستییەوە".
 
تۆڕەکە دەڵێ، ئەو بابەتە زۆر زاڵترە بەسەر بابەتی یارییەکدا کە ئەمشەو ریال مەدرید دەباتە بەردەم سەکۆی جامێکی دیکە.
 
ڤینی لە یاری رابردووی ریال مەدرید بەرامبەر ریال مایۆرکا، رووبەڕووی سووکایەتی و دروشمی رەگەزپەرستی بووەوە، دەستەی لالیگا و یانەی ریال مایۆرکا بڵاوکراوەیان لەبارەی رووداوەکەوە دەرکرد و پشتگیری ئەو یاریزانەیان کرد.
 
تۆڕە ئیسپانییەکە زیاتر گوتوویەتی، ریال مەدرید لە دۆخێکی باشدا نییە، جامی سوپەری ئیسپانیای دۆڕاند بەشێوازێکی زۆر خراپ. پاشان لە خولی ئیسپانیادا هەڵەی زەقیان کرد و خاڵی زۆریان لەدەستدا، لەبەرئەوە دەبێ ئەمشەو هەموو بیرکردنەوەی یاریزانەکانی لەسەر بردنەوەی یارییەکە بێت نەک شتێکی دیکە. لەبەرئەوەی بردنەوەی ئەو نازناوە دەکرێ کۆی ئاراستەی گشتیی یانەکە لە وەرزی ئەمساڵدا بگۆڕێت.
 
'دیڤێنسا سێنتراڵ' هەروەها دەڵێ، یارینەکردنی تیبۆ کۆرتوا، کەریم بنزیما و ئیدێر میلیتاو، کە دەکرێ لە یاری کۆتاییدا بەشداری بکەن ئەگەر تیپەکە بگاتە یاری کۆتایی، هەروەها یارینەکردنی هەریەکە لە لوکاس ڤاسکێز، ئیدین هازارد و فێرلان مێندی، نابێ بیانوو بێت بۆ ئەوەی یانەکە لە مەغریبەوە نازناوەکە نەباتەوە.
 
لە کۆتاییدا نووسیوویەتی، "گەرچی ئامادەنەبوونی هەموو یاریزانان وا دەکات بژاردەکانی بەردەم کارلۆ ئەنچیلۆتی سنوورداربن، بەڵام ئەوە بیانوو نییە بۆ نەبردنەوە لە ئەهلی و بەدەستهێنانی نازناوەکە".