قاسە کراوەکەی چێڵسی و کتێبە رەشەکەی یوڤێنتوس

رووداو دیجیتاڵ

لە ئیتاڵیا، یوڤێنتوس دەبرێتە بەردەمی دادگا و پۆلیسی وڵات بەرۆکی دەگرێت و فیدراسیۆنیش خاڵی لێدەشکێنێت. لە ئینگلتەراش چێڵسی دەرگای قاسەیەکی گەورەی خۆی دەخاتە سەر پشت و هەرچی ژمارەی پێوانەییە لە بازاڕی گواستنەوەدا دەیشکێنێت.. چی روودەدات؟ بانێکە و دوو هەوا؟ یان یاسایە و لە هەر بارودۆخێکدا جیاواز دەسەپێنرێت.
 
یوڤێنتوس لە کاتێکدا وەرزی ئەمساڵی لە سێریا ئەی بەخراپی دەستپێکرد و دواتر بەسەر بەدبەختییەکانی خۆیدا راپەڕی، کەچی بڕیاری شکاندنی پانزە خاڵ لە کۆی خاڵەکانی وەرزی ئەمساڵ، ئەو گورزە کوشندەیە بوو کە وایکرد، ماسیملیانۆ ئالێگری راهێنەری بڵێت "دەبێ لەمەودوا لەپێناو بەدەستهێنانی ئەو خاڵانەدا بجەنگین کە لە دابەزین بۆ خولی پلە دوو رزگارمان دەکەن".
 
ئەم سزا سەپێنراوە کە بۆی هەیە سووکتر بکرێت و پێداچوونەوەی پێدا بکرێت، هەرچییەک بێت لە کۆتاییدا دەکرێ ئاراستەی ئەمساڵی یانەکە و داهاتوویشی بەتەواوی بگۆڕێت.
 
راپۆرتەکە چی تێدابوو؟
 
چیرۆکی لادان و سەرپێچییەکانی یانەی یوڤێنتوس لە نێوان ساڵانی 2019 تاوەکو 2021 روویداوە، کاتێک داواکاری گشتیی ئیتاڵیا، لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد لەبارەی گواستنەوەی یاریزانانی تۆپی پێ لە خولی پلە یەکی ئیتاڵیا، ئەمە پاشئەوەی کە لیژنەی سەرپەرشتیاری یانەکانی ئیتاڵیا کە ناوی 'کۆڤیسکۆ' یە، لە راپۆرتێکدا گومانی خۆی لەسەر هەندێک چالاکیی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی یاریزانان لە نێوان یانەکاندا خستە روو.
 
راپۆرتەکەی 'کۆڤیسکۆ' هەڵوەستەی لەسەر گواستنەوەی 62 یاریزان کردووە لە نێوان ساڵانی 2019 تاوەکو 2021 و وردبوونەوەی بۆ سەرمایەی تێچووی گواستنەوەکان کردووە. هەرچەندە قورسە بەهای تێچووی گواستنەوەی یاریزانە گواستراوەکان لە یانەیەکەوە بۆ یانەیەکی دیکە دەستنیشان بکرێت، بەڵام لیژنەکە وەک لە راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی، گومانی لە زیادکردنی بەهای گواستنەوەی هەندێک یاریزان کردووە، دەشڵی یانەکان ئەمەیان بۆ ئەوە کردووە تاوەکو وای پێشان بدەن بودجەکانیان سەلامەتە و ئەو یاریزانانەی هەیانە، بەهایان لە بازاڕدا زۆرە.
 
وێڕای ئەوەش، یانەکان ئازادن لە چۆنیەتی دەستنیشانکردنی بەهای هەر یاریزانێکی خۆیان، جا ئەو بەهایەی لەسەر یاریزانێک دادەنرێت لە کاتێکدا بێت کە ئاڵوگۆڕی لەگەڵ یاریزانێکی دیکە پێ بکرێت یان، یانەکەی بیەوێت بیفرۆشێت و نرخێکی لەسەر دابنێت. کەواتە بۆچی یوڤێنتوس لەو کارەدا تۆمەتبارکراوە؟ لە کاتێکدا زۆرینەی یانەکانی ئیتاڵیا لە بابەتی گواستنەوەی یاریزانەکانیاندا هەمان کاردەکەن و بەهاکەیان بەبەرزتر لە نرخی راستەقینەی خۆی دادەنێن، لەپێناو هاوسەنگکردنەوەی بودجەکانیان. 
 
42 گرێبەستەکەی یوڤێنتوس
 
میدیای ئیتاڵیا لەبارەی ئەو دۆسێیەوە ئاشکرایانکردووە، لە کۆی ئەو 62 گواستنەوەیەی لە نێوان یانەکاندا کراوە و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت، 42 یاریزانیان بە یوڤێنتوسەوە پەیوەستبوون. ئەمە جیا لەوەی کە یانەی یوڤێنتوس کۆمپانیایە و بەناوی (ئیکسۆر) تۆمارکراوە کە خاوەنی موڵکایەتی یانەی یوڤێنتوسە و لە بۆرسەدا پشکی هەیە و پشکەکانی مامەڵەیان پێوەدەکرێت و خاوەن پشکیشی هەن.
 
کێشە گەورەکەی یوڤێنتوس لەوەدایە کە لەسەرەوە باسکرا، چونکە لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا، ئەو یانەیە وەک کۆمپانیایەک دەبێ بەڵگەنامە و دۆکۆمێنت و زانیارییەکانی بودجەی خۆی بداتە حکومەتی ئیتاڵیا و لە راپۆرتێکدا روونکردنەوە لەسەر کۆی خەرجی و داهاتەکانی بۆ حکومەت ئاشکرا بکات. دەستکاریکردن و یاریکردن بەو راپۆرت و زانیارییانەشەوە لەبارەی داهات و وردەکاریی خەرجییەکانی، بە هەڵخەڵەتاندن و فێڵکردن لە دەوڵەت و خاوەن پشکەکانی دادەنرێت. هەرلەبەرئەوە ئەو کارە دەبێتە تاوان و یاسا سزای لەسەر داناوە، بەپێچەوانەی یانەکانی دیکەوە کە کۆمپانیا نین و مامەڵەیان راستەوخۆ لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیادایە.
 
ئەوەی یوڤێنتوس کردوویەتی، بریتییە لەوەی کە کارگێڕیی یانەکە پەنای بردووەتە بەر زەبەلاحکردنی گرێبەست و بەهای ئەو یاریزانانەی فرۆشتوونیەتییەوە. بۆ نموونە کاتێک میرالیم پیانیچ لە وەرزی 2020 - 2021 لە یوڤێنتوسەوە روویکردە بارسێلۆنا بەرامبەر 60 ملیۆن یۆرۆ، لە کاتێکدا بەهای راستەقینەی ئەو یاریزانە بەپێی ماڵپەری 'تراسنفێر مارکێت' 45 ملیۆن یۆرۆ بوو. یانەکە هاوکات گرێبەستی لەگەڵ ئارسەر میلۆ کرد بەرامبەر 76 ملیۆن یۆرۆ لە کاتێکدا بەهاکەی لە بازاڕدا 56 ملیۆن یۆرۆ بوو.
 
میدیای ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە گرێبەستی هەریەکە لە پیانیچ و میلۆ، بەشێکە لەو 42 گرێبەستەی کە یوڤێنتوس ئەنجامیداون و گومان هەیە لەسەرئەوەی هەمان زەبەلاحکردنی بەها تێیاندا روویدابێت.. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لەو یاریزانانە نەناسراون و یوڤێنتوس یاری پێنەکردوون، بەڵکو تەنیا ئاڵوگۆڕەکەی کردووە بۆ ئەوەی بەهاکەیان زیاد بکات.
 
کتێبە رەشەکە چییە؟
 
بەپێی یەکێک لەو دۆکۆمێنتانەی میدیای ئیتاڵیا بڵاویانکردووەتەوە و لێکۆڵەرانی شاری تۆرینۆ لێی وردبوونەتەوە و دواتر نووسینگەی داواکاری گشتیی فیدراڵیی ئیتاڵیا هەڵوەستەی لەسەرکردووە و زۆر سەرنجڕاکێشە بۆ هەمووان، ئەوەیە کە ناونراوە "FP Black Book"، کە ماناکەی بریتییە لە 'کتێبە رەشەکەی فابیۆ پاراتیچی'.
 
پاراتیچی پێشتر بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی یوڤێنتوس بووە لەو ماوەیەدا کە گواستنەوەکانی تێدا ئەنجامدراوە، بەرلەوەی ئەو بچێتە یانەی تۆتێنهام و هەمان پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشیی ئەو یانەیە وەربگرێت.
 
ئەوەی جێگەی پاراتیچی گرتەوە لە یوڤێنتوس، فیدریکۆ چیرۆبینی دییسە، پێشتر دەستەڕاستی پاراتیچی خۆی بووە.. ئەو نووسراوێکی واژۆ کردووە کە دەست لێکۆڵەران کەوتووە و تێیدا هاتووە، "ئێمە چۆن گەیشتینە ئێرە؟ کڕینی بێمانا و وەبەرهێنانی بێسوود وەک ئەوەی کۆلۆڤسکی؟".
 
دوای ئاشکرابوونی ئەو نووسراوە و لەبەرئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا دەسەڵاتی لێپێچینەوە لە کۆمپانیاکانی نییە و دەبێ بەفەرمانی دادگا ئەو کارە بکات، دەوڵەتی ئیتاڵیا پەنای بردووەتە بەر گوێگرتن لە تۆماری تەلەفۆنی ئەندامانی کارگێڕیی یانەی یوڤێنتوس لە ماوەی نێوان 2019 تاوەکو 2021، تۆمارە دەنگییەکانیش ئەوەیان یەکلاکردووەتەوە کە یانەکە دەستکاری بەهای گواستنەوەی یاریزانانی کردووە، بەپێچەوانەی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە راپۆرتی دارایی خۆیدا داویەتییە دەوڵەت.
 
ئەی چێڵسی بۆ وا دەستکراوەیە؟
 
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە هەموو چاودێرێک لە خۆی دەکات، بۆچی یوڤێنتوس لەسەر تەنیا گۆڕینی بەهای یاریزانەکانی سزا دەدرێت، کەچی چێڵسی نزیک بە نیو ملیار یۆرۆ خەرجدەکات و کەس لێپێچینەوەی لێناکات؟ ئەی یاسای یاری خاوێن لە کوێیە و بۆچی چێڵسی ناگرێتەوە؟
 
چێڵسی ئێستا بووەتە جێگەی سەرنج و مشتومڕی هەمووان، ئەو یانەیە لە کۆتا رۆژی بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزاناندا گرێبەستی لەگەڵ ئینزۆ فێرناندێزی ئەرجەنتینی راگەیاند بەرامبەر 121 ملیۆن یۆرۆ، پێشتریش حەوت یاریزانی دیکەی لە هەمان ماوەی گواستنەوەدا کڕیبوو.
 
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن چێڵسی بەتەنیا لە هەموو یانەکانی دیکەی خولە گەورەکانی دیکە (ئیسپانیا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا) پارەی زیاتر زیاتر خەرجکردووە. بەشێوەیەکی گشتی لەوەتەی تۆد بۆیلی بووەتە خاوەنی یانەکە، چێڵسی خەرجییەکانی لە 673 ملیۆن یۆرۆ لایانداوە، بە تەنیا دوو ماوەی گواستنەوە.
 
ئەم ژمارانە، رای گشتی وروژاندووە، هاندەرانی یانەکانی دیکەی هێناوەتە سەر هێڵ و داوای روونکردنەوە دەکەن، تەنانەت ئەوەی چێڵسی کردوویەتی، لە وڵاتانی دیکەی وەک ئیسپانیا، مشتومڕی لەسەر دروستبووە، هەمووان هەمان پرسیار دووبارە دەکەنەوە: چێڵسی بنەماکانی یاسای 'یاریی خاوێن'ی نەشکاندووە؟
 
یاسای 'یاریی خاوێن'
 
لیژنەی جێبەجێکاری سەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، ساڵی 2009 لە ماوەی سەرۆکایەتی میشێل پلاتینیدا دەستیکرد بە کارکردن لەسەر دەرکردنی یاسایەکی نوێ بۆ سنووردارکردنی خەرجیی زەبەلاحی یانەکان کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی قەبارەی زیانی یانەکان بوو لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا و یاساکە لە وەرزی 2011 - 2012ەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
بەپێی یاساکە دەبێ یانەکان قەبارەی خەرجییەکانیان هاوتای قەبارەی داهاتەکانیان بێت و بودجەیان دووچاری کورتهێنان نەبێ‌ت. ئەو یانەیەی ئەو یاسایە پێشێل بکات، لەلایەن یۆفاوە سزای بەسەردا دەسەپێنرێت، وەک شکاندنی خاڵ و تەنانەت بێبەشکردن لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان.
 
گرنگترین بەندی نێو یاسای 'یاریی خاوێن' ئەوەیە کە نابێ لە وەرزی 2011 - 2012دا کورتهێنانی یانەکان لە 45 ملیۆن زیاتر بێت، ئەم بڕە وەرزی دواتر کەمدەبێتەوە بۆ 30 ملیۆن و لە وەرزی دوای ئەودا دەبێتە 15 ملیۆن یۆرۆ و بۆ وەرزی چوارەم دەبێ کورتهێنانی بودجەی یانەکان سفر بێت.
 
کەواتە چێڵسی چۆن سەرکەوتوو بوو لەوەی خۆی لە پێشێلکردنی ئەو یاسایانە بپارێزێت و ئەو هەموو پارەیەشی خەرجکردووە.
 
فێڵێکی نوێ
 
کیران ماگوایەر، پسپۆری بواری داراییە، ئەو قسەی بۆ میدیای بەریتانیا کردووە و دەڵێ، چێڵسی سوودی لە درزێک وەرگرتووە کە لە یاساکەدا هەیە و بەهۆیەوە سەرکەوتوو بووە لەوەی ئەو هەموو گرێبەستانە ئەنجام بدات.
 
ماگوایەر دەڵێ، "هەموو ئەوەی چێڵسی کردوویەتی ئەوەیە کە تێچووی گواستنەوەی ئەو یاریزانانەی بەسەر ساڵی زۆردا دابەشکردووە و گرێبەستەکانی گرێبەستی درێژخایەنن".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "چێڵسی گرێبەستی لەگەڵ میخائیلۆ مۆدریکدا کردووە بۆ ماوەی 8 وەرز و ئەگەر تێچووی گرێبەستەکە کە 100 ملیۆن یۆرۆیە بەسەر هەشت وەرزدا دابەش بکەین، ئەوکات ساڵانە دەکاتە تەنیا 12 ملیۆن یۆرۆ".
 
وەک ماگوایەر دەڵێ "ئەمە فێڵە یاساییە ستراتیژییەکەی چێڵسییە بۆ خۆپاراستن لە سزاکانی یۆفا. بە مانایەکی دیکە لەبری ئەوەی چێڵسی لە بودجەی یەک ساڵیدا بنووسێت کە 100 ملیۆنی بەیەکجار لە گواستنەوەی مۆدریکدا خەرجکردووە، ساڵانە تەنیا 12 ملیۆن بۆ ماوەی هەشت ساڵ، تۆمار دەکات و بەوەش کورتهێنانی لە بودجەکەیدا نابێت".
 
ئەو پسپۆرە داراییە زیاتر روونیکردووەتەوە کە ئەو کارەی چێڵسی کردوویەتی، بە دوو ئاراستەی جیاوازدا کاریگەریی دەبێت. "بەو گرێبەستە درێژخایەنانە، سەرکەوتوو بوو لەوەی یاریزانەکانی لە دەستەوارەی یانەکانی دیکە بپارێزێت، چونکە هەریەک لەوان چەندین ساڵ گرێبەستیان لەگەڵ یانەکەیاندا هەیە، بەڵام دیوە نێگەتیڤەکەی کارەکە ئەوەیە ئەگەر لەگەڵ یانەکەدا نەگونجێن و نەتوانن ببنە یاریزانی سەرەکیی یانەکە، ئەوکات کێشە بۆ یانەکە دروستدەبێت چونکە بوونی گرێبەستی گەورە لەگەڵ هەر یاریزانێکدا، گەرچی خراپیش بێت لە رووی ئاستەوە، وا دەکات یاریزانەکە مووچە وەربگرێت و هیچیش پێشکێشی یانەکەی نەکات".
 
ماگوایەر دەڵێ، ئەمە ریسکێکی دیکەشی تێدایە، چونکە ئەگەر چێڵسی کە ئێستا لە پلەی دەیەمی پرێمەرلیگە، وەرزی داهاتوو بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا نەکات، داهاتەکانی زۆر کەمدەبنەوە و ئەوەش یانەکە رووبەڕووی شۆکێکی گەورەی دارایی دەکاتەوە.
 
چێڵسی تۆمەتبارە؟
 
میدیای بەریتانیا گوتوویانە چێڵسی تۆمەتبارە بە فێڵکردن لە بنەماکانی یاسای یاری خاوێن لە پرێمەرلیگ، ئەوەش لە رێگەی گرێبەستی درێژخایەن بۆ کڕینی یاریزانەکانی. میدیای بەریتانیا دەڵێن یاساکەی یۆفا رێگەدەدات درێژخایەنترین ماوەی گرێبەست پێنج ساڵ بێت، بەڵام چێڵسی ئەوەی تێپەڕاندووە.
 
جیا لە مۆدریک و ئینزۆ فێرناندێز کە گرێبەستەکانیان بۆ ماوەی هەشت ساڵ و هیوە، گرێبەستی پینوا بادیاشێل بۆ شەش ساڵ و نیوە. گرێبەستی ویسلی فوفانا بۆ ماوەی حەوت وەرزە و مارک کۆکۆرێلا بۆ ماوەی شەش وەرزە.
 
چێڵسی هەروەها لە گرێبەستەکانیدا خاڵێکی جێگەی سەرنجی داناوە کە تێیدا هاتووە، یانەکە تاک لایەنە بڕیار لە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانانە دەدات و ئەوەش شکاندنی بڕگە یاساییەکانی یۆفا و فیفایە و یانەکانی دیکەش پێیانوایە پێشێلکردنی یاساییە.
 
یوفا دەجوڵێت
 
رۆژنامەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە کە یوفا جووڵەی خێرای دەستپێکردووە بۆ دانانی یاسای نوێ لەپێناو رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەوەی کە چێڵسی کردوویەتی.
 
یوفا بڕیاریداوە هیچ گرێبەستێک کە ماوەکەی لە پێنج ساڵ زیاتر بێت، قبووڵ نەکات و ئەو بڕیارە لەمساڵەوە ئیدی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بڕیارەکە ئەو گرێبەستانە ناگرێتەوە کە پێشتر ئەنجامدراون و ئەوەش چێڵسی لە سزادان دەپارێزێت.
 
بەپێی بڕیارەکەی یوفا، لە هاوینی داهاتووەوە هیچ یانەیەکی ئەوروپی رێگەی پێنادرێت گرێبەستەکانی ماوەکەیان لە پێنج ساڵ زیاتر بێت.