لوئەی دەبێتە راهێنەری یانەی هەولێر

رووداو هەولێر 

یانەی هەولێر گفتوگۆکانی لەگەڵ لوئەی سەڵاح بەکۆتاهێنا بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکە لە خولی نایابی عێراق بکات.
 
دوای ئەوەی یانەی هەولێر لە حەوت یاری رابردوویدا لە خولی نایابی عێراق ئاستێکی باشی پێشکەش نەکرد و نیگەرانییەکی زۆری هاندەرانی بیندرا، غازی فەهدی راهێنەری پێشووی یانەکە دەستیلەکارکێشایەوە.
 
هەولێر دوو رۆژە لەگەڵ لوئەی سەڵاحی راهێنەر لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی سەرکردایەتی تیپی خولی عێراقی یانەکە بکات و ئەنجامە خراپەکانی یانەکەش راستبکاتەوە.
 
سەرچاوەیەک لەنێو دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە رووداوی راگەیاند "لوئەی سەڵاح خۆشحاڵە بە گەڕانەوەی بۆ یانەی هەولێر، گفتوگۆییەکی باشمان لەگەڵی کردووە و تەنیا خاڵەکانی کۆتایی ماوە، چاوەڕواندەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوو تەواوی بکەین".
 
لوئەی سەڵاح، پێشتر یاریزانی یانەی هەولێر بووە و گۆڵکاری مێژوویی یانەکەیە لە دوای محەممەد خۆشناو کە ئێستا جێگری سەرۆکی یانەی هەولێرە، لوئەی ئێستا راهێنەری یانەی کارەبایە و تیپەکەی ئاستێکی بەرزی لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق نمایشکردووە و بەکۆکردنەوەی 29 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندییە و جیاوازی لەگەڵ یانەی تەڵەبەی پێشەنگ تەنیا خاڵیکە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتووە لوئەی سەڵاح بەیانەی هەولێری گوتووە خۆشحاڵم سەرکردایەتی یانەکە بکەم، تەنیا مەرجی لوئەی سەڵاح لەسەر یانەکە ئەوەیە قەرز و مافەکانی کە لە کاتی یاریزانیدا لەو چەند ساڵەی یاری بۆ یانەکە کرد ماوە بۆی بگەڕێننەوە، چاوەڕواندەکرێت لە دوای یاری یانەی هەولێر لەگەڵ زاخۆ رۆژی شەممەی داهاتوو درێس زەردەکان بە فەرمی گرێبەست لەگەڵ لوئەی سەڵاح واژۆ بکەن.
 
لوئەی سەڵاح لەدایکبووی 1980یە لە شاری بەغدا، پێشتر وەک یاریزان یاری بۆ یانەکانی زەورا و جەوییە کردووە، وەک یاریزانی پیشەگەر لە خولی ئێرانی یاری بۆ یانەی پێرسپۆلیس کردووە، لەگەڵ یانەی هەولێر 3 جار نازناوی خولی نایابی عێراقی بەرزکردووەتەوە و خاوەنی 103 گۆڵە، لە 2007 یەکێک بوو لەو ئەستێرانەی نازناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ هەڵبژاردەی عێراق بردەوە.