ڤیدیۆ؛ بنزیما و کۆرتوا بەشداری لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا دەکەن؟ ئەنچیلۆتی وەڵامدەداتەوە

08-02-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by JAIME REINA / AFP
Photo by JAIME REINA / AFP
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی کەریم بنزیما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، مژدەیەکی بە هەوادارانی مێرینگێ دا و دووپاتیکردەوە کە کۆرتوا، بنزیما و میلیتاو ئەگەری هەیە بەشداری لە یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکاندا بکەن، ئەگەر ریال مەدرید توانی بگاتە یاریی کۆتایی.
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئەهلی میسری لە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکاندا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و براوەیان یاریی کۆتایی بەرامبەر یانەی هیلالی سعودی دەکات.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و سەرەتا وەڵامی پرسیارێکی دایەوە، سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی 3 یاریزانی سەرەکی پێکهاتەکەی لە یاریی کۆتاییدا، ئەگەر تونایان بگەنە فایناڵ؟ ئەو گوتی "کۆرتوا، بنزیما و میلیتاو، ئەو سێ یاریزانە ناویان لە پێکهاتەکەماندایە بۆ مۆندیال، کە پێمانوایە دەتوانن پێش یارییەکەی شەممە چاکببنەوە، ئێمە ویستمان لە مەدرید بمێننەوە بۆ ئەوەی بەباشی چاکببنەوە، با بزانین پێنجشەممە پێش یارییەکەی شەممە چی روودەدات؟".
 
کارلیتۆ لە بەشێکی قسەکانیدا، پەسنی یانەی ئەهلی رکابەریانی دا و لەبارەیەوە گوتی "یانەی ئەهلی مێژوویەکی گەورەی هەیە، یەکێکە لە گەورەترین یانەکانی جیهان لەڕووی گرنگی مێژووییەوە، خاوەنی مێژوویەکی گەورە و ئەزموونێکی گەورەیە لەم جۆرە پاڵەوانێتییانەدا، چونکە چەندینجار بەشدارییان تێداکردووە، تیپێکی زۆر رێکخراوە، چەندین یاریزانی بەتوانا و خێرای هەیە. یارییەکی هاوتا دەبێت، چونکە ئەوان هەمان  ئارەزووی ئێمەیان هەیە بۆ بردنەوەی نازناوەکە".
 
سەبارەت بە ڤینیسیۆسیش کە هەمیشە رووبەڕووی رەگەزپەرستی دەبێتەوە؟ ئەنچیلۆتی گوتی "دەمەوێت ئەو پرسیارە بکەم، کێشەکە چییە؟ ڤینیسیۆس؟ هاوڕێکانی ڤینیسیۆس؟ کێشەکە چییە؟ بەرگریکردن لە خۆیان؟ ڤینیسیۆس دەتوانێت چیبکات بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات؟ هاوڕێکانی چۆن بەرگری لە خۆیان دەکەن؟ وادیارە ڤینیسیۆس کێشەیە، بەڵام لە راستیدا کێشەکە لە تۆپی پێی ئیسپانیادایە. من بەشێکم لە تۆپی پێی ئیسپانیا و پێموایە ئەوە کێشەیەکە و دەبێت چارەسەری بکەین. وەک ئەوە وایە ڤینیسیۆس دەستدرێژیکار بێت، بەڵام ئەو قوربانی شتێکە کە من تێناگەم".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە