ریال مەدرید دەیەوێت بگاتە یاریی کۆتایی مۆندیال و ئەهلیش سوپرایزی دەوێت

رووداو دیجیتاڵ

 

گەرچی رۆژنامەی مارکا دووپات لەوە دەکاتەوە کە کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید، گەر نازناوی مۆندیالی یانەکانیش لەدەستبدات لە پۆستەکەی دوورناخرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەوە رووبدات، دوورنییە بیرکردنەوەی کارگێڕیی یانەکە لەبارەی چارەنووسی کارلیتۆوە گۆڕانی گەورەی بەسەردا بێت.
 
ریال مەدرید ئەمشەو یەکەم هەنگاوی خۆی لە مۆندیالی یانەکانی ئەمساڵدا ئەنجامدەدات و رووبەڕووی ئەهلی میسری دەبێتەوە.. ئەگەر ریال مەدرید یەکەم هەنگاوی بێت لە پاڵەوانێتییەکەدا، ئەوا ئەهلی میسری هەشت رۆژی رێکە سەرقاڵی کارکردنە بۆ پەڕینەوە بەرەو یاری پێشکۆتایی مۆندیالەکە و لەسەرەڕێی خۆیدا هەریەکە لە ئۆکلاند سیتی نیوزیلەندی و سیاتل ساوندەرزی ئەمریکی لە رکابەرییەکان دەرکردووە.
 
ریال مەدرید لە دۆخێکی نموونەییدا نییە بەر لە یارییەکە، ئەوەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە خولی لالیگادا بەرۆکی ریال مەدریدی گرت، شکستێکی دیکە بوو لەسەردەستی یانەی ریال مایۆرکا و ئەو شکستە جارێکی دیکە گومان و دوودڵی لە چواردەوری تیپەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی دروستکرد کە کەوتووەتە نێو گێژاوی ئەنجامە خراپەکان و ناتوانێ لێی بێتە دەرەوە.
 
ریال مەدرید، گەرچی دەبێ بەپێی مێژوو و بەپێی توانا و ئەستێرەیی یاریزانەکانی، بە ئاسانی بگاتەوە بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال، بەڵام هیچ شتێک لەبارەی تیپەکەوە ئەو دڵنیایییە نادات کە بەڵێ ریال مەدرید دەتوانێ نازناوەکە بباتەوە، بەتایبەتیش کە پاڵەوانێتییەکە، تاوەکو ئێستا مۆرکی سوپرایز و وەدەرنانی گەورەکانی لە خۆیەوە ئاڵاندووە.. هیلالی سعودی لە یاریی کۆتاییە پاش بردنەوە لە فلامینگۆی بەرازیلی و ئەهلیش پاڵەوانی دوو کیشوەری دەرکردووە و متمانەی ئەوەی بەخۆی هەیە ریال مەدرید بکاتە سێیەم قوربانیی.
 
بۆ ریال مەدرید، کێشە تەنیا ئاست و ئەنجام نییە لە لالیگادا.. ریال مەدرید وەک تیپ، وەک سیستم و وەک شێوازی یاریکردن، لە گرێژنە دەرچووە.. ناتوانێ بە ئاسانی لە ژێر گوشاری ئەو تیپانە بێتە دەرەوە، کە ئەو لە ناوچەی خۆیدا قوفڵ دەکەن.. ئاستی یاریزانانی سەرجەم هێڵەکانی دابەزیووە و ئەو هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنە گەورەیەی پێشتر لە نێوان یاریزانانی یانەکەدا هەبوو، ئێستا بوونی نەماوە.
 
ریال مەدرید لە چەندین شوێنی یاریکردندا کێشەی هەیە.. باڵەکانی بەرگری ماندوو و ئاست خراپن.. دێرینەکانی هێڵی ناوەڕاست تەمەن شەکەتی کردوون و یاریزانە نوێیەکانی یانەکەش لەو هێڵەدا، ناتوانن تیپەکە بەرەو سەرکەوتن ببەن.. هێڵی پێشەوەش جیا لەوەی کە تاوەکو ئێستا بەتەواوی لەلایەن راهێنەری یانەکەوە جێگیر نەکراوە، ئاستی باش نییە و هێرشبەرانی یانەکە وەکئەوەی پێشبڕکێیان بێت، زۆرترین هەلی گۆڵکردن لەدەستدەدەن.
 
یارییەکەی ئەمشەو بۆ ریال مەدرید و راهێنەرەکەی هەلێکی باش دەبێت ئەگەر بتوانن خۆیان بگەیەننە یاری کۆتایی.. ئەگەر ئەوە رووبدات کەمێک لە گوشارەکانی سەر تیپەکە کەمدەبێتەوە، بەڵام هاوکات زیاتریش دەبێت، چونکە قبووڵکراو نییە ریال مەدرید لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بە هیلال بدۆڕێت.
 
ئەوەی جیا لە ئەنجامە خراپەکان لە ریال مەدرید جێگەی مشتومڕە، بابەتی رەفتارە رەگەزپەرستییەکانە بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەری یانەکە.. لە یارییەکەی ریال مایۆرکادا جارێکی دیکە هاندەران و یاریزانانی یانەکەش پەنایان بردەوە بەر دەمارگرتن و سووکایەتی و هەوڵدان بۆ بردنە دەرەوەی ڤینیسیۆس لە رووی هزرییەوە و لەوەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.. ئەوەی لە چواردەوری ڤینیسیۆس روودەدات تاوەکو ئێستا جێگەی پرسیارە، چونکە راهێنەرێکی گەورە و بە ئەزموونی وەک کارلۆ ئەنچیلۆتی تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئەو یاریزانە لاوە ئارامبکاتەوە و وای لێبکات لەبری ئەوەی سەرقاڵی وەڵامدانەوەی دەمارگرتنی یاریزانان و هاندەرانی تیپەکانی دیکە بێت، هەموو هۆش و خەیاڵی لای یارییەکە بێت.
 
ئەو دۆخە ئەمشەو جارێکی دیکە دەکەوێتە بەردەم تاقیکردنەوە، ئایا لەسەر خاکی مەغریب و لە یاریگەیەکدا کە زۆرینەی هاندەرەکانی پێشبینیکراوە لایەنگری ئەهلی میسری بن، ڤینی رووبەڕووی هەمان دۆخ و سووکایەتی دەبێتەوە؟ ئەگەر ئەوە روویدا، پەرچەکرداری چیدەبێت؟
 
ریال مەدرید لە راستیدا بۆ یارییەکەی ئەمشەو کێشەیەکی دیکەشی هەیە، هەریەکە لە میلیتاو، کۆرتوا و بنزیما پێکانیان هەیە و بەشداریی یارییەکەی ئەمشەو ناکەن و ئەو سێ یاریزانە، وەک سێ ئەزمووندار و کۆڵەکەی سەرەکی تیپەکە لە سێ هێڵی کاریگەری یانەکە دادەبڕێن و ئەمەش ئەرکی یاریزانانی دیکە و تیپەکەش بەشێوەیەکی گشتی قورستر دەکات.
 
ئەمشەو هەموو شت بۆ ریال مەدرید لەسەنگی مەحەکدایە و بۆ ئەهلیش یارییەکە دەروازەیەکە بۆ چوونە نێو مێژووەوە.. ئەگەر ریال بیەوێت مێژووی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا گەورەتر بکات و بگاتە پێنجەم نازناو، ئەهلیش هەوڵدەدات لانیکەم، یاری کۆتایی مۆندیالەکە بکاتە رووبەڕووبوونەوەی دوو یانەی عەرەبی، لەسەر خاکی وڵاتێکی دیکەی عەرەبی.