گەلی تورکیا سوپاسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

کۆمەڵێک لە ئەستێرەکانی تۆپی پێ، کە یەکەمیان کریستیانۆ رۆناڵدۆیە، رێککەوتوون لەسەر فرۆشتنی درێسەکانیان لە زیادکردنێکی خێرخوازیدا بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان.
 
میریح دەمیرال، یاریزانی تورک، لە زیادکردنێکی خێرخوازی ئاشکرادا فرۆشتنی درێسی ژمارەیەک لە هاوڕێکانی پێشووی لە یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی راگەیاند و داهاتەکەی بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانە دەڕوات کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیاوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
ئەو درێسانەی لە زیادکردنەکەدا پێشکێش دەکرێن بریتین لە درێسێکی یوڤێنتوس کە واژۆی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی ئێستای یانەی نەسڕی سعودیەی لەسەرە، لەگەڵ درێسی پاولۆ دیبالای یاریزانی ئێستای یانەی رۆما، سێیەمیش درێسێکی لیۆناردۆ بۆنۆچی ئەستێرەی خانمە پیرەکەیە.
 
دیمیرال لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، نووسیویەتی "پێش ئەوەی درێسەکە نماییش بکرێت پەیوەندی بە رۆناڵدۆوە کردووە و ئەستێرە پۆرتوگالییەکە پێی راگەیاندووە کە زۆر دڵتەنگە بەوەی لە تورکیا روویداوە". 
 
ئەو زیاتر دەڵێت "دیبالاش دڵتەنگی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو کارەساتەی روویداوە و بەهەمان شێوەی کریستیانۆ رازی بوو درێسەکەی بۆ ئەو مەبەستە بفرۆشێت. هەروەها لیۆناردۆ بونۆچی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیاش پاڵپشتی خۆی بۆ گەلی تورکیا پشتڕاستکردەوە هەمان هەڵوێستی رۆناڵدۆ و دیبالای هەبوو سەبارەت بە فرۆشتنی درێسەکەی".
 
دیمیرال دووپاتیکردەوە کە خۆی و لە رێگەی کەناڵە تایبەتەکانی پەیوەندیکردنی زیادکردنەکە رێکدەخات، بەو پێیەی لە رێگەی هەژماری تویتەرەکەیەوە یان لە رێگەی ئیمەیڵەکەیەوە پێشنیاز وەردەگرێت.
 
راگەیاندنی زیادکردنەکە سەرنجێکی زۆری لەلایەن فۆڵۆوەرسەکانەوە وەرگرت، بەو پێیەی زیاتر لە 8 ملیۆن کەس سەیری تویتەکەیان کردووە، هەروەها ئۆفەرەکانی کڕینی درێسەکان دەستیپێکردووە بۆ ئەو ئەستێرە تورکە، کە بەرزترین ئاستی تاوەکو ئێستا بڕی 14 هەزار و 862 یۆرۆ بووە.
 
زۆر کەس سەرسامی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوەی ئەو ئەستێرە تورکە دەربڕی و هاندەرانی تورکیاش سوپاسی ئەو ئەستێرانەیان کرد کە رازیبوون بە درێسەکانیان بەشداری بکەن لە زیادکردنەکەدا.
 
ژمارەیەک یاریزانی تورکیا هەنگاوی بەپەلەیان ناوە بۆ یارمەتیدانی گەلی تورکیای زیانلێکەوتوو، جاگلار سۆیۆنکۆ، بەرگریکاری یانەی لێستەر سیتی ئینگلیزی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، ئامادەکردنی هاوکارییەکانی لێستەر و ئاراستەکردنی بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی دۆکیۆمێنت کردبوو.
 
لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەی رابردوو تورکیا و باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، هەزاران کەس کوژران و هەزارانی دیکەش بریندار بوون، وێڕای ئەوەی سەدان کەسی دیکەش لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماونەتەوە و تیمەکانی فریاکەتن لە هەوڵی هێنانەدەرەوەی تەرمەکانیان و رزگارکردنی هەندێکیاندان کە هێشتا زیندوون.