ڤیدیۆ؛ ئەمڕۆ یاریزانێکی بوندێسلیگا خانە بنەڕەتییەکانی دەبەخشێتە نەخۆشێکی شێرپەنجە

08-02-2023
ئیحسان تاهیر
ویلی ئۆربان
ویلی ئۆربان
نیشانەکردن ویلی ئۆربان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بڕیارە ویلی ئۆربان بەرگریکاری یانەی لایپزیگی ئەڵمانی بەشداری لە یارییەکی گرنگ بۆ یانەکەی لە بوندێسلیگادا نەکات، لەبەرئەوەی بڕیاریداوە خانە بنەڕەتییەکانی ببەخشێتە تووشبووەکی شێرپەنجە.
 
یانەی لایپزیگی ئەڵمانی، دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، یاریزانە هەنگارییەکەی لە ساڵی 2017ـەوە ناوی لە تۆماری بەخشەرە ئەڵمانییەکاندایە و لەم دواییانەدا دەرکەوت کە هاوتای نەخۆشێکە کە تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە، بۆیە ئەمڕۆ چوارشەممە ئۆربان خانە بنەڕەتییەکانی دەبەخشێتە ئەو نەخۆشە بۆ ئەوەی ژیانی لە مردن رزگار بکات.
 
یانەی لایپزیگ ئاشکرایکرد کە ئۆربان لە رۆژی شەممەوە دەرزی لێدەدرێت بۆ زیادکردنی ژمارەی خانە بنەڕەتییەکانی و لەبەرئەوەش لە رۆژی یەکشەممەوە لەگەڵ تیپەکەی مەشق و راهێنانی نەکردووە.
 
پێشبینی ناکرێت ئۆربان بەشداری لە یارییەکەی شەممەی یانەکەی بەرامبەر یەنیەن بەرلین لە خولی ئەڵمانیادا بکات.
 
ئەو یاریزانە سەبارەت بەو کارەی گوتی "ئەوانەی دەمناسن دەزانن کە هەمیشە دەمەوێت یاری بکەم، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە رزگارکردنی ژیانی کەسێکەوە هەیە. بۆیە، بەخێرایی بڕیارمدا کە دەمەوێت ئەوە بکەم و لە شوێنێکدا یارمەتیدەر بم".
 
تیمۆ ڤێرنەری هاورێی ئۆربان، لەو بارەیەوە گوتی "ویلی ئۆربان کەسێکە خاوەن دڵێکی باشە، پێموایە ئەو تەنیا کەسێکە کە هەمیشە لەگەڵ ئەوانی دیکەدایە، چ لە تۆپی پێدا چ لە ژیانی راستەقینەدا، پێموایە ئەوەی ئەو دەیکات راستە، منیش دەیکەم". 
 
مارکۆ رۆز، راهێنەری یانەی لایپزیگیش، لەبارەی یاریزانەکەیەوە، گوتی "تواناکانی ویلی لە یارییەکەی شەممەدا لەدەستدەدەین، بەڵام پێموایە پەیامێکی روونە کە شتگەلێکی گرنگتر لە تۆپی پێ لە ژیاندا هەن، پێموایە ئەوەی ئەو دەیکات زۆر گرنگە، من پشتگیری تەواوی دەکەم، ویلی چوارشەممە دەچێتە درێسدن و خانەکانی دەبەخشێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە