سوپرایزێکی گەورە سەبارەت بە داهاتووی لیۆنێل مێسی

رووداو دیجیتاڵ

چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە بەریتانیا، ئاشکرایانکرد کە یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی دەیەوێت سوپرایزێکی گەورە بکات و لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی بگوازێتەوە ریزەکانی.
 
لە کاتێکدا کە زۆر لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە یانەی پاریس سانجێرمان نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی، لە بەریتانیا راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان هەواڵێکی سوپرایزیان بڵاوکردەوە، گوایە یانەکەی لەندەن دەیەوێت مێسی بباتە ریزەکانی.
 
ماوەی گرێبەستەکەی مێسی لەگەڵ یانەی پاریسی لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو کۆتاییدێت و دەبێتە یاریزانێکی ئازاد، ئەگەر پاریس سانجێرمان گرێبەستەکەی نوێنەکاتەوە، کە بەپێی گرێبەستی ئێستای، مێسی بژاردەی ئەوەی هەیە گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی دیکە درێژبکاتەوە.
 
تاوەکو ئێستا گرێبەستی مێسی نوێنەکراوەتەوە و هیچ لێدوانیکی فەرمی لەلایەن خۆی و بەرپرسانی یانەی پاریس سانجێرمانیش نەبووە، کە چارەنووسی مێسی دیاریبکات. لە میدیاکانیش هەواڵی جیاجیا لەو بارەیەوە هەن، کە هەندێکیان باس لە مانەوەی لیۆ لە پاریس دەکەن، هەندێکی دیکەش دەڵێن "مێسی ئەزموونێکی دیکە تاقیدەکاتەوە".
 
لە نوێترین پێشهاتدا، میدیاکانی بەریتانیا باس لەوە دەکەن کە دانوستاندنێکی زۆر جددی لەنێوان بەرپرسانی ئارسیناڵ و نوێنەرانی مێسیدا دەستیپێکردووە، دەشڵێن "میکێل ئارتێتای راهێنەری گانەرز دەیەوێت سەرکردایەتیکردنی یانەکەی، کە ئێستا لە دۆخێکی زۆر باشدایە بداتە دەست لیۆنێل مێسی".
 
پێشتر میدیاکان داهاتووی لیۆنێل مێسییان بە چەندین یانەی دیکەوە بەستووەتەوە، لەوانەش گەڕانەوە بۆ ریزەکانی یانەی پێشووی بارسێلۆنا، هەروەها چوونە ریزەکانی یانەی ئینتەرمیامی لە خولی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یان یانەی هیلالی سعودی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد و پشتڕاستکراوە لەو بارەیەوە نییە، ئەگەرچی سەرچاوەکانی نزیک لە مێسی دەڵێن "ئەگەر مێسی لە پاریسیش نەمێنیتەوە، لە ئەوروپا دەرناچێت و لە خولێکی گەورەی ئەو کیشوەرە بەردەوام دەبێت".