پۆگبا بۆ ماوەی مانگێک دادەبڕێت

08-02-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

دوای ئەوەی لە یاریی نێوان مانچێستەر یونایتد و ئیڤەرتۆن لە خولەکی 38ی یارییەکە، پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فەرەنسی بەهۆی پێکانەوە بەناچاری یاریگەی بەجێهێشت، ئەمڕۆ یانەی مانچێستەر ماوەی دابڕانی پۆگبای لە یاریکردن ئاشکرا کرد.

یانەی مانچێستەر یونایتد رایگەیاند: "دوای ئەوەی پشکنینی وردی پزیشکی بۆ پێکانەکەی پۆگبا کرا، دەرکەوت لەسەر ئاستی رانی هەست بە ئازارێکی زۆر دەکات، هەر بۆیە بۆ ماوەی مانگێک لە یاریکردن بێبەش دەبێت".

لە لایەی دیکەوە ئۆلیگونار سۆڵشایەری راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد رایگەیاند: "پۆگبا لەکاتێکدا تووشی پێکان بوو، کە ئاستێکی نایابی پێشکەش دەکرد، ئێستاش دەستی بە وەرگرتنی چارەسەر کردووە و رۆژانە رێنمایی لە پزیشکەکان وەردەگرێت، بۆ ئەوەی بە زووترین کات بۆ یارمەتیدانی تیپەکەی بگەڕێتەوە".

وەک رۆژنامەکانی بەریتانیا ئاشکرایان کرد، پێشبینی دەکرێت پۆگبا نەتوانێت بەشداریی یارییەکانی یانەکەی بەرامبەر وێستهام، وێسبرۆمیچ، یاریی چون و گەڕانەوەی یۆرۆپالیگ بەرامبەر ریال سۆسیدا و یارییەکەی نیوکاسڵ لە پرێمەرلیگ بکات، بەڵام ئەگەری بەهێز ئەوەیە لە 28ی ئەم مانگە بۆ یاریی یانەکەی بەرامبەر چێڵسی ئامادە بێت".

پۆڵ پۆگبای تەمەن 27 ساڵ، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە مانگی رابردوو پێشکێشی کرد، بە باشترین یاریزانی مانگی رابردووی یانەی مانچێستەر یونایتد هەڵبژێردا.

لەم وەرزەدا لە 19 یاریی مانچێستەر یونایتد لە پرێمەرلیگ بەشداری کردووە و توانیویەتی 3 گۆڵ تۆمار بکات، ئەمە لەکاتێکدا وەرزی رابردوو تەنیا لە 16 یاریی بەشدار بوو، تەنیا یەک گۆڵیشی تۆمار کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە