فیلیپ لام کاتی وازهێنانی لە یاریکردن ئاشکرا کرد


رووداو – هەولێر

فیلیپ لام، بەرگریکەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی رایگەیاندووە دوای کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە واز لە یاریکردن دەهێنێت.

لە یاری شەوی رابردووی نێوان بایرن میونشن و فۆڵڤسبۆرگ لە قۆناخی شازدەی جامی ئەڵمانیا بەبۆنەی ئەنجامدانی 500 یاری بەدرێسی یانەکەوە رێز لە فیلیپ لام گیرا و ئەو یاریزانەش کاتی وازهێنانی خۆی راگەیاندووە و لەگەڵ دەستەی کارگێری یانەکەش کارناکات.

هەفتەی رابردوو راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئەڵمانیا بڵاویانکردەوە، بەرگریکەر و کاپتنەکەی بایرن دەیەوێت داهاتووی خۆی لە نێو یاریگەکان یەکلایبکاتەوە.

یاریزانە 33 ساڵەکە دوای کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە وەک وادەی وازهێنانی یەکجاریی لە یاریکردن دیاریکردووە و چاوەڕێی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی ناکات کە تاوەکو ساڵی 2018 لەگەڵ یانەکە درێژیکردووەتەوە.

لام لە کاروانی وەرزشییدا لەگەڵ یانە باڤارییەکە 17 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە و 70 گۆڵیشی دروستکردووە، 19 نازناوی جیاوازی لەگەل یانەکە بردووەتەوە، 7 جار نازناوی بوندێسلیگا، 6 نازناوی جامی ئەڵمانیا، خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، جامی سوپەری ئەوروپا، جامی جیهانی یانەکان.