هەڵمەتی رووخاندنی دەسەڵاتی لاپۆرتا دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە، ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەک لە ئەندامانی یانەی بارسێلۆنا هەنگاوێکی فەرمییان ناوە بۆ ئەوەی متمانە لە دەستەی کارگێڕیی ئێستای یانەکە بەسەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا وەربگرنەوە.
بارسێلۆنا بەهۆی نەتوانینی تۆمارکردنی دوو یاریزانەکەی، دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئێستای 2025ـدا، بەهۆی یاسای یاریی دارایی خاوێنەوە و ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە یانەکە پێیدا تێدەپەڕێت، رووبەڕووی قەیرانێکی بێ وێنە بووەتەوە و دەستەی کارگێڕی و سەرۆکەکەی کەوتوونەتە بەر لێشاوێکی رەخنەی بەرفراوان.
ئۆلمۆ و ڤیکتۆر لەم وەرزەدا، چیدی ناتوانن لە ریزەکانی بارسێلۆنادا یاری بکەن، لەوانەش یاریی ئەمشەویان بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو، لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا.
ئەلفرێدۆ مارتینێزی راگەیاندنکاری ئیسپانی، لە رێگەی ئەکاونتی خۆیەوە لەسەر پلاتفۆرمی "X" نووسیویەتی "ئەمڕۆ کۆمەڵێک ئەندامی بارسێلۆنا سکاڵایەکیان پێشکەش بە لیژنەی دیسپلینی یانەکە کردووە بەهۆی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی دۆسیەی ئۆلمۆ بەناوبانگی یانەکە گەیشتووە، داوا دەکەن دەستەی کارگێریی یانەکە بۆ هەمیشە لە یانەکە دووربخرێنەوە یان ئەندامێتییان لێوەربگیرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئەندامانە بیر لەوە دەکەنەوە پەنا ببەنە بەر دادگای وەرزشی کەتەلۆنیا وەک هەنگاوی دووەم.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە زیادبوونی گوشارەکانی سەر خوان لاپۆرتا لەلایەن کۆمەڵێک ئەندامی یانەکە و گرووپی پشتیوانەکان کە پێیانوایە ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی یانەکە باش نەبووە و کێشەی ئابووری و وەرزشی و کارگێڕیی لێکەوتووەتەوە.
ئێستا لاپۆرتا رووبەڕووی گوشارێکی گەورە بووەتەوە لەلایەن ئەندامانی یانەکە و گرووپەکانی پاڵپشتی، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی بەرشەلۆنە، پێشبینی دەکرێت ئەم گوشارە ببێتە هۆی گۆڕانکاری گەورە لە کارگێڕیی یانەکەدا.
بارسێلۆنا ئێستا وەک دووەمی دوایین وەرزی لالیگا بەشداری جامی سوپەری ئیسپانیا دەکات، لە بەرامبەردا بیلباو پاڵەوانی دوایین خولی جامی شای ئیسپانیایە.
براوەی ئەو یارییە رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان ریال مەدرید و ریال مایۆرکا دەبێتەوە، لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، کە یەکشەممەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.