رووداو دیجیتاڵ
رکابەرییەکانی جامی سوپەری ئیسپانیا دەستپێدەکات و هەموو چاوەکان لەسەر بارسێلۆنا و ریال مەدرید دەبن بۆ رکابەرییەکی تووند لەسەر نازناوێکی نوێ.
ئەگەرچی لەگەڵ ئەو دوو یانەیەدا هەریەکە لە ئاتلێتیک بیلباو و ریال مایۆرکاش بەشدارن لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە، بەڵام هەمووان چاوەڕێن لە دوای یاریی یەکەمی هەرچوار تیپەکە، کلاسیکۆیەکی دیکە لە سعودیە دروست ببێت.
بارسێلۆنا و ئاتلێتیک بیلباو لە یەکەم یاریی جامەکەدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و بارسێلۆنا دەیەوێت یەکەم نازناوی لەگەڵ هانزی فلیکی راهێنەریدا بەدەست بهێنێت، لە کاتێکدا ئامانجی ئاتلێتیک بیبلباو، بەدەستهێنانەوەی جامەکەیە پاش چوار ساڵ لە چاوەڕوانی.
بارسێلۆنا ئەگەرچی هەریەکە لە پاو ڤیکتۆر و دانی ئۆلمۆی لەگەڵ خۆیدا بردووەتەوە سعودیە، بەڵام ئەو دوو یاریزانە هێشتا بەتۆمارنەکراوی لە لیستی یانەکەدا ماونەتەوە و بەم دۆخەی ئێستاوە، ناتوانن بەشداری لە یارییەکانی جامەکەدا بکەن.
شکستی بارسێلۆنا لە تۆمارکردنی ئەو دوو یاریزانە، باڵی بەسەر کۆی دیمەنی چەند رۆژی یانە کەتەلۆنییەکەدا کێشاوە و جۆرێک لە گومان بەسەر دۆخەکەدا زاڵە، بارسێلۆنا هێشتا ئومێدی بەتۆمارکردنی ناوی ئەو دوو یاریزانە هەیە.
بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا، دەرچەیەکی باش دەبێت بۆ کێشەکانی بارسا لە دۆسێی تۆمارنەکردنی ئەو دوو یاریزانە و داپۆشینی دڵەڕاوکەی هاندەرەکانی لە ماوەی رابردوودا، پاشئەوەی تیپەکە ئەنجامەکانی لە لالیگادا پاشەکشەیان کرد و لە دوایین دوو یاریی خۆیدا هیچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەهێنا و لە دوایین حەوت یارییشدا، تەنیا یەک بردنەوەی هەبوو.
ئاتلێتیک بیبلباو لای خۆیەوە، کە وەک پاڵەوانی جامی شای ئیسپانیا هاتووەتە سوپەری وڵاتەکە، نایەوێت تەنیا بەشداریکەرێکی ئاسایی بێت و زوو خۆی بەدەست بارساوە بدات.
بیلباو بەپێشەوایەتی ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردیی راهێنەر، دەیەوێت بەهەمان ئاستی ناوازەیەوە لە وەرزی ئەمساڵی لالیگا، لە جامەکەدا دەربکەوێت، پاشئەوەی لە دوایین دە یاریی خۆیدا لە لالیگا، شەش سەرکەوتن و چوار یەکسانبوونی بەدەستهێنا و بەهۆیەوە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەی گرت.
دوایین بەریەککەوتنی نێوان هەردوو یانە لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵی لالیگا، بەسەرکەوتنی بارسا کۆتاییهات، ئەنجامێک کە کەتەلۆنییەکان هیواخوازن ئەمشەویش دووبارە ببێتەوە و باسکییەکانیش هیواخوازن رێ لە دووبارەبوونەوەی بگرن.
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، راهێنەرانی هەردوو یانە، لەبارەی یارییەکەوە قسەیان بۆ میدیاکان کرد، کە پوختەی قسەکانیان بەمشێوەیە بوو:
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا:
دۆخی تیپەکەمان بەو شێوەیەیە کە دەبینین، من وەک راهێنەر پێویستە لەسەرم قسە لەگەڵ هەموو یاریزانان بکەم. وەک پێشتریش گوتم، رووداوەکە بۆ هیچ کەس لە ئێمە ئاسان نییە. یاریینەکردنی ئەو دوو یاریزانە بۆ هەموومان قورسە، بۆ خۆیشیان بەهەمان شێوە. ئەوان بۆ ئێمە زۆر گرنگن و زۆر باش بەرەوپێشچوون. بەڵێ ئێمە دەزانین کە دانی ئۆلمۆ یاریزانێکی زۆر باشە، بەڕوونی هەست بەئامادەنەبوونی و کاریگەرییەکەی دەکەین، بەڵام وێڕای ئەوەش ئێمە دەبێ بەردەوام بین لە بەرەوپێشچوون. روونە کە رووداوەکان کاریگەریمان لەسەر دروستدەکەن، بەڵام واشمان لێدەکەن وەک تیپ زیاتر لەیەکدی نزیک ببینەوە، هەروەها پێویستی دەکەن لەسەرمان یەکگرتوویی خۆمان پێشان بدەین.
لامین سێ تاوەکو چوار یەکەی مەشقی ئەنجامداوە، ئامادەیە بۆ یارییکردن، لەوانەیە یاریی بکات، من پێموایە ئەو ئامادەیە.
ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیک بیلباو:
ئۆلمۆ یاریزانێکی زۆر باش و گرنگە و بەشدارینەکردنی لە یارییەکەدا بۆ ئێمە باشە. من بەداخم بۆ ئەو دۆخەی ئەو پێیدا تێدەپەڕێت، چونکە دەرکەوتنی ئەو وایدەکرد پاڵەوانێتییەکە بەهێزتربێت، بەڵام بۆ ئێمە زۆر باشترە کاتێک یاریی ناکات.
بارسێلۆنا ئاستێکی مەزن پێشان دەدات و پارێزگاریی لە ئاستی خۆی کردووە، ئەوان دەتوانن بگەنە ناوچەی مەترسیداری ئێمە، بەڵام ئێمەش دەتوانین بەهەمان شێوە بگەینە ناوچەی مەترسیداری ئەوان. ئەوان بەهەمان شێوەی پێشوو و بەو شێوەیەی بینیومانە، کۆنترۆڵی یاریگە ناکەن، بەڵام هێشتا تیپێکی زۆر بەهێز و زۆر باشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ