رووداو دێجیتاڵ
یارییەکانی گەڕی 13ـی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات و ئەرکی شێروانەی پێشەنگی خولەکە ئاسانە، لە کاتێکدا پێشمەرگەی هەولێری دووەمی ریزبەندییەکە لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی هەندرێن دەکات کە لە وەرزی ئەمساڵدا تەنیا دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە.
چوارشەممە
یارییەکانی گەڕەکە لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا ئەنجامدەدرێن و یانەی هەولێر میوانداریی یانەی رزگاری دەکات و هەردوو یانە بە بردنەوەی ئەم یارییە چەند پلەیەک دێنە پێشەوە.
هەولێر لە ژێر سەرپەرشتی شوان ئەنوەر، لە دوایین پێنج یاریی، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، ئەنوەر رەشیدیش نەیهێشتووە رزگاری هەشت یارییە بدۆڕێت، بە گشتی یانەی هەولێر و رزگاری شێوازێکی هێرشبەریی یاریی دەکەن.
یانەی هەولێر، بە کۆکردنەوەی 14خاڵ لە ریزبەندی هەشتەم دەبینرێت، یانەی رزگاریش بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دەبینرێت.
پێشمەرگەی هەولێر- هەندرێن
یاریی دێربی شاری هەولێرە، حاڵی هەردوو یانە تەواو پێچەوانەی یەکترە، پێشمەرگە دەیەوێت هەرچۆنێک بێت ئەم سێ خاڵە بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی لە رکابەریی شێروانە دوورنەکەوێتەوە، هەندرێنیش بەم سێ خاڵە دەیەوێت لە ناوچەی دابەزین دووربکەوێتەوە.
پێشمەرگەی هەولێر بە کۆکردنەوەی 20 خاڵ لە دووەمی ریزبەندی خولی نایابی کوردستان دێت، هەندرێنیش بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ لە 13ـی ریزبەندییەکەدا دەبینرێت.
برایەتی – پیشەسازی
یانەی برایەتی میوانداریی یانەی پیشەسازی دەکات و بە یەکێک لە یارییە گرنگ و بەهێزەکانی ئەم گەڕە دادەنرێت.
هەردوو یانە لە چەند یاریی رابردوودا، ئاستیان تەواو ناجێگیرە. برایەتی لە دوایین حەوت یاریی، تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە، پیشەسازیش لە دوایین شەش یاری، هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە.
یانەی برایەتی بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ ە پلەی دەیەم دەبینرێت و پیشەسازیش بە 17 خاڵ لە پلەی پێنجەم دێت.
رۆژی پێنجشەممەش چەندین یاریی گرنگ ئەنجامدەدرێن.
ئاکرێ- شەقڵاوە
یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی ئەم گەڕە، لە یاریگای ئاکرێیە، بەوەی هەردوو یانە ئاستێکی باشی هونەری پێشکێش دەکەن، بەڵام لە رووی ئەنجامەوە لە ئاست چاوەڕوانی هاندەرانیاندا نین.
ئاکرێی پاڵەوانی وەرزی رابردوو، لە دوایین پێنج یاریی، چواری دۆڕاندووە. ئەوە وایکردووە تەواو لە رکابەری لەسەر نازناوی خولەکە دووربکەوێتەوە. شەقڵاوە بە 11 خاڵ لە پلەی دوانزەیەم دێت، هەردوو یانەش لە چەند رۆژی رابردوودا راهێنەری نوێیان هێناوە بە ئومێدی ئەوەی بتوانن گۆڕانکاری لە ئەنجامەکانیاندا بکەن.
سیروانی نوێ – دەربەندیخان
یانەی سیروانی نوێ رووبەڕووی یانەکەی فەرحان شکوری گۆڵکەری ئەمساڵی خولی نایابی کوردستان دەبێتەوە، هەردوو یانەی هەمان خاڵیان هەیە، ئەم سێ خاڵە بۆ هەردوو یانە گرنگە.
یانەی سیروانی نوێ، ئەم وەرزە بە هەڵبەزودابەزی زۆردا گوزەری کردووە، لە دوایین پێنج یارییدا تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە، بەڵام ئەنجامەکانی لە سەرەتای وەرزدا زۆر باشبوون، ئەمەش وای کردووە تاوەکو ئێستابە 16 خاڵ لە پلەی حەوتەم جێگیربێت، لە بەرامبەردا یانەی دەربەندیخان بە سەرکردایەتی فەرحان شکور تاوەکو ئێستا 25 گۆڵیان تۆمار کردووە، یانەکەش بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ لە پلەی شەشەمدا دێت و بەجیاوازی گۆڵ لە پێش سیروانی نوێوەیە.
سەیدسادق – رانیە
یانە بریندارەکەی خولی نایابی کوردستان میوانداریی یانەی رانیە دەکات، سەیدسادق چاوی لەوەیە یەکەم بردنەوەی خولەکە بەسەر پشتی رانیەدا بەدەستبهێنێت، لەبەرامبەردا یانەی رانیە لە دوایین شەش یارییدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
یانەی سەیدسادق بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ لە پلەی 15ـدا دێت، یانەی رانیەش 14 خاڵی هەیە و لە پلەی نۆیەمە.
چوارقوڕنە – شێروانە
یانەی چوارقوڕنە لەم گەڕەدا ئەرکی قورسە، بەوەی رووبەڕووی یانەی شێروانە دەبێتەوە. یارییەکە بەیەکێک لە یارییە بەهێز و جەماوەرییەکان هەژمار دەکرێت.
یانەی چوارقوڕنە بە تەنیا پلەیەک لە پێش یانەی سەیدسادقەوەیە لە ژێرەوەی ریزبەندی خولەکە و رووبەڕووی پێشەنگی خولەکە دەبێتەوە، هەردوو یانەکە پێویستییان بەم سێ خاڵە هەیە، شێروانە بۆ ئەوەی زیاتر پێگەی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندییەکە قایمتر بکات، چوارقوڕنەش دەیەوێت یەکەم سێ خاڵی ئەم وەرزەی بەرامبەر یانەی شێروانە بێت.
ریزبەندی خولی نایابی کوردستان پێش دەستپێکردنی گەڕی 13
1- شێروانە 26 خاڵ
2- پێشمەرگەی هەولێر 20 خاڵ
3- رزگاری 18 خاڵ
4- زاخۆ 18 خاڵ
5- پیشەسازی 17 خاڵ
6- دەربەندیخان 16 خاڵ
7- سیروانی نوێ 16 خاڵ
8- هەولێر 14 خاڵ
9- رانیە 14 خاڵ
10- برایەتی 13 خاڵ
11- ئاکرێ 13 خاڵ
12- شەقڵاوە 11 خاڵ
13- هەندرێن 10 خاڵ
14- چوارقوڕنە 7 خاڵ
15- سەیدسادق 4 خاڵ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ