بەهۆی دۆسێی ئۆلمۆوە، رافینیا بەرپرسانی بارسێلۆنای تووڕەکردووە


رووداو دیجیتاڵ

رافینیای هێرشبەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بەهۆی لێدوانییەوە لەبارەی کێشەی دانی ئۆلمۆ، گورزێکی تووندی لە یانەکەدا و بەرپرسانی یانەکەی تووڕەکردووە.


بارسێلۆنا خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیک بیلباو لە جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە ئامادەکردووە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەر لە یارییەکەدا، رافینیا لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دۆسێی تۆمارنەکردنی ناوی هەریەکە لە دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر، گوتی، "ئەوەی روویداوە ئاڵۆزە و هیچ یاریزانێک ناخوازێت بەهەمان دۆخی ئەواندا گوزەر بکات".

یانەی بارسێلۆنا، نەیتوانی ناوی هەریەک لە دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر لە لیستی یاریزانانی تیپەکە بۆ نیوەی دووەمی وەرزی ئەمساڵ تۆمار بکات، پاشئەوەی دەستەی لالیگا بەپێی یاسا، رازینەبوو بۆ جاری دووەم لە هەمان وەرزدا، ناوی ئەو دوو یاریزانە وەک یاریزانی بارسێلۆنا لای خۆی تۆمار بکات".

رافینیا لەبارەی دۆسێیەکەوە دەڵێ، "نازانین ئایا دەتوانین پشتیان پێببەستین وەک یاریزانی تیپەکە یان نا، هیوادارم بەرپرسانی یانەکە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن بەزووترین کات، من دەڵێم بەرپرسان و ناڵێم یانەکە".

رافینیا کە لە زۆرینەی یارییەکانی ئەمساڵی بارسێلۆنادا، کاپتنی تیپەکەیە بەئاشکرا باسی کاریگەریی ئەو کێشەیەی لەسەر داهاتووی بارسێلۆنا کردووە.

ئەو لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەوەی بەسەر ئەو دوو یاریزانەدا هاتووە، کاریگەریی لەسەر داهاتووی تیپەکە دروست دەکات، دەڵێ، "پێموایە ناتوانم بڵێم کاریگەریی دروست ناکات، چونکە ئەگەر وابڵێم دۆر دەکەم، منیش لەو جۆرە کەسانە نیم کە حەزم بەدرۆکردن و دروستکردنی چیرۆک بێت".

ئەو هەروەها دەڵێ، "لە راستیدا، ئەگەر من لە یانەیەکی دیکە بوومایە و بمبینیایە لێرە چی روودەدات و پاو و دانی بەچ دۆخێکدا تێدەپەڕن، ئەوکات بەرلەوەی بێمە ئەم یانەیە، دووجار بیرمدەکردەوە و لەخۆم دەپرسی پێویستە بچمە ئەو یانەیە؟ بەڵام من کاتێک هاتمە ئێرە، دۆخی یانەکەم دەزانی".

لە بەرامبەردا، هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لە هەمان کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، بەنائاشکرا، وەڵامی قسەکانی رافینیای دایەوە و متمانەی خۆی بەیانەکە نوێکردەوە.

ئەو راهێنەرە گوتی، "من متمانەم بەم یانەیە هەیە و دەزانم یانەکەش متمانەی بە من هەیە".

فلیک هەروەها دەڵێ، "کاتێک لەو دۆخەدابووم و کاتێک ئەم یانەیەم ناسی و دۆخەکەیم بۆ ئاشکرابوو، هەروەها مەزنیی یانەکە و تیپەکەیم بۆ دەرکەوت، لەگەڵ ئەو کەسانەی لێرە کاردەکەن، هەمووانم خۆشویست و هەموو شتێکی بارسێلۆنام خۆشویست".

سەرچاوە میدیاییەکانی کەتەلۆنیا، هەندێک گرتەی ڤیدیۆیی دوایین مەشقەکانی بارسێلۆنایان لە سعودیە بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە، بەتایبەت لەسەر هێڵی یاریگە قسە لەگەڵ رافینیا دەکات.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن، بەرپرسانی بارسێلۆنا لە لێدوانەکانی رافینیا نیگەران بوون.

ئەگەرچی وردەکاریی گفتوگۆی نێوانیان ئاشکرا نییە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن، لاپۆرتا نیگەرانیی خۆی لە لێدوانەکانی کاپتنی تیپەکەی دەربڕیوە.