هەلێکی دیکە بۆ گەڕانەوەی زیدان

 
رووداو دیجیتاڵ

زینەدین زیدان، راهێنەری بەنێوبانگی فەرەنسی و پێشووی یانەی ریال مەدرید ماوەیەکی زۆرە بێ کارە و ناوی بە چەند یانەیەک و هەڵبژاردەیەک بەستراوەتەوە، ئێستاش هەڵبژاردەیەکی نوێ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی هاتووەتە سەر هێڵ.
 
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت " لە ماوەی رابردوودا زینەدین زیدان ناوی بە هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و پۆرتوگال بەستراوەتەوە، ئێستا بەربژێرێکی نوێ هاتووەتە سەر هێڵ کە هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەمریکایە."
 
رۆژنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەگەری هەیە بەربەستی زمان کێشە بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی ئەمریکا لەلایەن زیدانەوە دروستبکات.
 
لێکیپ دەڵێت " هەڵبژاردەی ئەمریکا کە بەشداری لە مۆندیالی 2022 کرد و پێکهاتەیەکی لاوی هەیە، خواستی ئەوەی هەیە بەباشترین ئاستەوە لە مۆندیالی 2026 دەربکەوێت، بۆ ئەوەش دەیانەوێت لەگەڵ زیدان پڕۆژەیەکی نوێ دەستپێبکەن."
 
زینەدین زیدان لە ماوەی رابردوودا ناوی بە چەند یانە و هەڵبژاردەیەک بەستراوەتەوە و باس لەوەش کراوە کە راهێنەرەکە چەند دەستەوارەیەکی لە ئینگلتەرا رەتکردووەتەوە.
 
رۆژنامەی هاتریک دەڵێت " کارگێڕیی یانەی هیلالی سعودی بەهەمان شێوە پەیوەندیی بە زینەدین زیدانەوە کردووە، بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا پەیوەندی بە یانەکەوە بکات و ببێتە راهێنەری یانەکە."
 
هەڵبژاردەی بەرازیل و پۆرتوگال دوای ئەنجامە خراپەکانیان لە مۆندیالدا، راهێنەرەکانیان دەستیانلەکارکێشایەوە و تاوەکو ئێستا بەبێ راهێنەر ماونەتەوە.