ئەرکی میلان بەرامبەر رۆماکەی مۆرینیۆ قورسە

08-01-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن میلان رۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەپێناو تەسککردنەوەی زیاتری بۆشایی لەگەڵ ناپۆلی پێشەنگ و بۆ تێپەڕاندنی هەفتەیەکی دیکەی سێریا ئەی بە سێ خاڵەوە، یانەی میلان لەنێو یاریگەی خۆیدا دەچێتە نێو تاقیکردنەوەیەکی قورسەوە کاتێک میوانداری رۆما دەکات.
 
میلان کە لە ساڵانی نزیکی رابردوودا باڵادەستبووە لەو رووبەڕووبوونەوانەدا کە بەرامبەر رۆما هەیبووە، چاوی لەوەیە ئەمشەویش بە سەرکەوتوویی لەو تاقیکردنەوەیە بێتە دەرەوە کە دەتوانێ پاڵنەرێکی دیکە بێت بە ئاراستەی بەرجەستەکردنی ئەو راستییە لە ناخی یاریزانانی یانەکەدا، کە دەتوانن پارێزگاری لە نازناوەکەیان بکەن.
 
میلان کە لەسەرەتای وەرزەوە تەنیا دووجار دۆڕاوە و جارێکیانی بەرامبەر ناپۆلی بەهێز و سەرنجڕاکێشبوو بەرلەوەی لە ناکاو بەرامبەر تۆرینۆ شکست بهێنێت، بەدوای سێیەم بردنەوەی لەسەریەکدا دەگەڕێت و بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش، رۆما ئەو رکابەرە نییە کە بە ئاسانی خۆی بەدەست ویستی میلانەوە بدات بۆ بردنەوە.
 
ئەگەرچی دوایین سەرکەوتنی رۆما بەرامبەر میلان لە نێو سانسیرۆدا بۆ وەرزی 2017 دەگەڕێتەوە، بەڵام هاندەرانی رۆما پێیانوایە مۆرینیۆ دەتوانێ ئەو بەدبەختییە بەرامبەر میلان بشکێنێت، لە کاتێکدا مۆرینیۆ لە دوو رووبەڕووبوونەوەی وەرزی رابردووی بەرامبەر پیۆلی، هەردووجارەکە شکستی هێناوە. بۆیە ئەم یارییە دەکرێ هەلێک بێت بۆ مۆرینیۆ بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەسەر پیۆلیدا بەدەست بهێنێت.
 
سپێشەڵ وەن، کە لە مێژووی کارکردنی خۆیدا لە سێریا ئەی، بەسەر زۆرینەی راهێنەرەکانی خولەکەدا سەرکەوتووە، بۆی گرنگ دەبێت ئەگەر بەپلانێک ئەمشەو تیپەکەی بگەیەنێتە سەرکەوتن.. بەڵام ئەو پێکهاتەیەی لەبەردەستی مۆدا دەبن بۆ یارییەکە، زەحمەتە بە ئاسانی ئەو ویستەیان بۆ بێتە دی، چونکە گەڕانەوەی دیبالا بەمیدالیا زێڕینەکەی مۆندیالەوە بۆ نێو رۆما، خۆشییەکی تەواونەکراوی لە یانەکەدا بەجێهێشت، پاشئەوەی دووچاری پێکانبوو و بەهۆیەوە لە یارییەکەی ئەمشەودا بەشداری ناکات.
 
بۆ مۆرینیۆ راوەستانی ناچاری لە مۆندیالدا، هەلێکی باشبوو تاوەکو هەڵوەستە لەسەر بارودۆخی تیپەکەی بکات، بەتایبەت کە پێش دەستپێکردنی مۆندیال، رۆما لە کۆی پێنج یاریدا تەنیا دوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا و ئەوەش یانەکەی لە ریزبەندی خولەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزاند و رکابەرەکانی وەک ئاتلانتا و ئۆدینێزی لێ نزیککردەوە کە ئێستا هەڕەشەی راستەوخۆن لەسەر رۆما لە ریزبەندی خولەکەدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە