هەواڵێکی خۆش بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا

08-01-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێرلینگ هالاند بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، هەواڵێکی خۆش بە هاندەرانی ئەو یانەیە رادەگەیێنێت و دەڵێت "ئێرلینگ هالاند بڕیاریداوە لە نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدریددا یانە کەتەلۆنییەکە هەڵبژێرێت".
 
ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی لاوی نەرویجی بڕیاریداوە وەرزی داهاتوو لە لالیگا یاری بکات، ئەوەش مانای ئەوە دەگەینێت کە ئەو یاریزانە دەبێتە یاریزانی یەکێک لە هەردوو یانەی ئیسپانی، ریال مەدرید یان بارسێلۆنا.
 
زۆر لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ریال مەدرید چانسی زیاترە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ هالاند، بەو پێیەی یانەی کەتەلۆنی لە رووی داراییەوە لە قەیرانێکی قوڵدایە و ناتوانێت خەرجی گرێبەستەکەی هالاند دابین بکات.
 
لە پێشهاتێکی نوێدا، سەرچاوەیەکی نزیک لە کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا، ئاشکرایکرد کە رایۆ مینۆلای بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانە نەرویجییەکە بە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنای راگەیاندووە، کە هالاند لە نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدریددا بارسای هەڵبژاردووە، چونکە ئەو دەیەوێت بچێتە یانەیەک کە بتوانێت سەرکردایەتی پرۆژەکەی بکات.
 
هالاند ئەوە دەزانێت کە لە هاویندا ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی یاریزانی فەرەنسیی یانەی پاریس سانجێرماندا دەکات، ئەوەش رێگری لەو دەکات لەگەڵ ریال مەدریددا ببێتە یاریزانی ژمارە یەکی تیپەکە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، رایۆلا بە لاپۆرتای گوتووە، هالاند لە هاویندا دێتە بارسێلۆنا، بەڵام بە مەرجی ئەوەی تاوەکو ئەوکات خەرجییەکانی گرێبەستەکەی دابین بکرێن، لاپۆرتاش بەڵێنی پێداوە کە دەتوانێت تاوەکو هاوینی داهاتوو ئەو کارە بکات.
 
تەنانەت ئەو سەرچاوەیە باس لەوەش دەکات کە هالاند بۆ ماوەی 3 ساڵ گرێبەست لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆ دەکات، دەتوانێت دوو ساڵی دیکەش درێژبکاتەوە و مووچەی ساڵانەی 30 ملیۆن یۆرۆی سافی دەبێت.
 
یانەی بۆرووسیا دۆرتموند داوای لە ئێرلینگ هالاند کردووە بەر لە کۆتاییهاتنی ئەم مانگە بڕیاری خۆی لەبارەی داهاتووی بدات، کە بێگومان ئەمەش وادەکات هەردوو یانە گەورەکەی لالیگا هەوڵەکانیان زیاتر بکەن بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی ئێرلینگ.
 
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی تایبەت بە ناساندنی فێران تۆرێسی یاریزانی نوێی یانەکەی، رایگەیاند کە ئەو دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ هالاند بکات، کە بێگومان ئەو لێدوانەی لاپۆرتا بەو متمانەوە ئەوە دەردەخات کە بارسا سوورە لەسەر هێنانی هالاند بۆ ریزەکانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە