مێندی لەژێر چاودێریی تووندا ئازادکرا

08-01-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بێنیامین مێندی
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

بێنیامین مێندی، بەرگریکاری فەرەنسی و یانەی مانچێستەر سیتی دوای چەند مانگێک لە دەستگیرکردنی بە کەفالەت ئازادکرا.
 
بەرگریکارەکەی یانەی مانچێستەر سیتی بەهۆی 7 سکاڵا و بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر 5 کچی خوار 18 ساڵ دەستگیرکرابوو، دوای دەستگیرکردنیسی بەهیچ شێوەیەک رێگە نەدەدرا کەس یاریزانەکە ببینێت و ماوەی چەند مانگێک لەنێو زینداندا بوو، بەڵام دواجار دادگا بڕیارییدا بە کەفالەت یاریزانەکە ئازادبکات.
 
مێندی لە 26ـی مانگی ئابی رابردووە دەستگیرکراوە، رۆژی 24ـی ئەم مانگە دانیشتنێکی دادگا لەسەر تۆمەتەکانی سەر ئەو یاریزانە بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ئەو وادەیەش یاریزانەکە لەژێر چاودێریدا دەمێنێتەوە.
 
مێندی لەگەڵ لویس ساها ماتۆری هاورێی کە تەمەنی 40 ساڵە دەچێتە دادگا کە ئەمیشیان 6 تۆمەتی لەسەر و پێشتر دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر خانمێک.
 
بێنیامین مێندی لەژێر بڕیار و چاودێریی تووندا بڕیاری ئازادکردنی دراوە و پاسپۆرتەکەشی لێ وەرگیراوە، بۆ ئەوەی نەتوانێت هیچ گەشتێک ئەنجامبدات.
 
بەرگریکارە فەرەنسییەکە لە ناوچەی بریستبێری نزیک لە ماکلیسفێڵد دەژیت، لە ساڵی 2017 بەرامبەر 52 ملیۆن پاوەند پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی مانچێستەر سیتی کرد، بەڵام یەکێک بوو لەو گرێبەستانەی خزمەتێکی باشی یانە ئینگلیزییەکەی نەکرد، بەهۆی ئەو پێکانانەی کە بەردەوام تووشی دەبوو.
 
مێندی لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی فەرەنسا 10 یاریی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە و یەکێک بوو لەو یاریزانانەی لە مۆندیالی 2018 لەگەڵ هەڵبژاردەکە نازناوەکەی بردەوە.
 
سەرەتای دەستگیرکردنی یاریزانەکە لە زیندانی ئەلتکورس بوو لە لیڤەرپوول، پاشان گواسترایەوە بۆ مانچێستەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە