کارلۆ ئەنچیلۆتی: نەوەی ئێستا رێز لە گەورەکان ناگرن

08-01-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچیلۆتی دانی سیبایۆس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کارلو ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، هەڵوێستی خۆی لەبارەی تەوقەنەکردنی دانی سیبایۆس لەگەڵ خۆیدا نیشاندا و گوتی "نەوەی ئێستا رێز لە گەورەکان ناگرن".
 
ئەمشەو ریال مەدرید کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە گەڕی 20ـی لالیگادا لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆدا میوانداری یانەی ڤاڵێنسیا دەکات.
 
کارلو ئەنچیلۆتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و دووپاتیکردەوە کە یارییەکی گرنگیان هەیە و گوتی "دەمانەوێت هەموو شتێک بکەین لەپێناو بردنەوە لە تیپێکی باشی وەک ڤالێنسیا".
 
کاتێک سەبارەت بە گەڕانەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی بەرازیلی، کە لە کۆرۆنا چاکبووەتەوە، پرسیاریان لێکرد؟ ئەنچیلۆتی لە وەڵامدا گوتی "پێموانییە کە ریال مەدرید تەنیا پشت بە ڤینیسیۆس دەبەستێت، راستە ئێمە یاریزانێکمان هەیە لە قۆناخی یەکەمی وەرزدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و یارمەتی داوین بۆ بردنەوەی یارییەکان، وەک ئەوەی بنزیما و میلیتاو و یاریزانانی دیکەش کردوویانە، ڤینیسیۆس گەڕاوەتەوە، ئەو باشە و زۆریش دڵخۆشە".
 
سەبارەت بە ئێدین هازاردیش قسەی کرد و گوتی "هازارد تەنیا پێویستی بەوەیە جارێکی دیکە بەو متمانەیەوە یاری بکاتەوە کە پێشتر هەیبوو، پێموایە ئەو زۆر نزیکە بگەڕێتەوە باشترین ئاستی، هیوادارم بەم نزیکانە ببینین کە ئەو باشترین یارییەکانی پێشکەش بکاتەوە".
 
لەبارەی دانی کارفاخالیشەوە، کە لە پێکان گەڕاوەتەوە و دەستی بە مەشقەکانی کردووەتەوە، راهێنەری یانەی شاهانە، گوتی "بەرامبەر ڤالێنسیا یاری ناکات، لە جامی سوپەردا پێویستیمان بەو دەبێت".
 
سەبارەت بە دانی سیبایۆسیش کە دوای ئەوەی لە یاریی ئەلکۆیانۆ لە جامی شای ئیسپانیادا گۆڕانکاری پێکرد، ئامادە نەبوو تەوقەی لەگەڵ بکات، ئەنچیلۆتی بەشێوەیەکی دیبلۆماسی باسی رووداوەکەی کرد و گوتی "دەمویست هەندێک خولەکی پێبدەم، بەڵام ئەو دەیەوێت بگەڕێتەوە و یاری بکات، بینیم زۆر تووڕەیە، بۆیە پێمگوت لەوانەیە تۆ راست بیت، هیچ کێشەیەک لەنێوان من و ئەودا نییە، هەموو شتێک باشە، چونکە دەزانێت کە من متمانەم بە تواناکانی هەیە".
 
راهێنەری ئیتاڵی، لەو بارەیەوە زیاتر گوتی "پێموایە ئەوە پەیوەندی بە لایەنی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، نەوەی ئێستا وەک جاران رێز لە گەورەکان ناگرن، ئەو رێزەی من لە باوکم دەگرت، کوڕەکەم لێمناگرێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە