پاڵەوانیەتی جامی نەتەوەکانی ئاسیا دەستپێدەکات

08-01-2015
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
رووداو
رووداو
نیشانەکردن جامی وڵاتانی ئاسیا،
A+ A-

جامی وڵاتانی ئاسیا، گرینگترین پاڵەوانیەتییە لە ئاسیا کە هەر چوار ساڵێک جارێک ئەنجامدەدرێت. یەکەمجار پاڵەوانیەتییەکە لە 1956 لە هۆنک کۆنگ ئەنجامدرا.

یەکەم نازناوی ئاسیا، کۆریای باشوور بەدەستیهێنا، دواتر لە 1960 کۆریای باشوور دووبارە بووەوە پاڵەوان، دوای ئەوەی هەرخۆی میوانداریی پاڵەوانیەتییەکەی کرد.

چوار ساڵ دواتر، سێیەم پاڵەوانیەتی لە ئیسڕائیل کرا، کە ئەوکات سەر بە کیشوەری ئاسیا بوو،  ئیسرائیل توانی ببێتە پاڵەوان، کە هەڵبژاردەکانی هیند، کۆریای باشوور، هۆنک کۆنگ بەشدارییان تێداکردبوو.

لەوکاتدا جامی ئاسیا بە بەشدارییەکی کەمی تیپەکان ئەنجام دەدرا و لە 1968 لە ئێران کرا و خاوەن ماڵ بووە پاڵەوان، کە 5 هەڵبژاردە بەشداربوون، لە 1972 لە تایلەند میوانداری کرا و ئێران بووە پاڵەوان، کە هەڵبژاردەکانی عێراق و کوێت بۆ یەکەمجار بەشدارییان تێداکرد.

ئێران کە دوو نازناوی هەبوو، لە 1976 دووبارە خۆی میوانداری کرد و بۆ جاری سێیەمی لەسەریەک نازناوەکەی بردەوە و دەستی بەسەر تۆپی پێی ئاسیادا گرتبوو.

لە 1980 پاڵەوانیەتییەکە لە کوێت ئەنجامدرا و بەشدارییەکی فراوانی بەخۆیەوە بینی و 10 تیپ بەشداربوون، کە بەسەر دوو کۆمەلەدا دابەشکران، لە ئەنجامیشدا کوێت بووە پاڵەوان.

پاڵەوانیەتیی 1984 روویکردەوە رۆژهەڵاتی ئاسیا و لە سەنگاپورە بەڕێوەچوو، کە سعودیە بووە پاڵەوان و لە سەرەتای پێشکەوتنی خۆیدا بوو، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە 2 گۆڵ لە چینی بردەوە.

لە 1988 پاڵەوانیەتییەکە گەڕایەوە کەنداو و لە قەتەڕ بەڕێوەچوو، سعودییەکانیش بۆ جاری دووەم بوونە پاڵەوان.

جامی ئاسیا بەرەو فراوانی و پێشکەوتنی زیاتر هەنگاوی نا، ئەویش بەهۆی پێشکەوتنی تۆپی پێ لە ئاسیا و بەهێزبوونی هەڵبژاردەکانی و بەشداریکردنیان لە مۆندیال.

لە 1992 ژاپۆن میوانداریی پاڵەوانیەتییەکەی کرد و بۆ یەکەمجاریش نازناوەکەی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا لە سعودیەی بردەوە.

لە 1996 بۆ یەکەمجار ئیماراتی عەرەبی میوانداری کرد، چاویشی لەوە بوو نازناوەکە بباتەوە، بەڵام سعودیە توانی لە خانەخوێ بباتەوە و بۆ جاری چوارەم جامی ئاسیا لە باوەش بگرێت.

ساڵی 2000 لوبنان میوانداریی جامەکەی کرد و جارێکی دیکە ژاپۆن بووە پاڵەوان و دووبارە لەگەڵ سعودیە لە فیناڵدا یارییانکرد.

لە 2004 لە چین بەڕێوەچوو، بەڵام چین نەیتوانی ببێتە پاڵەوان و لە فیناڵدا بە ژاپۆن دۆڕا.

دواتر لە 2007 پاڵەوانیەتییەکە رێکخرا، کە دەبوو لە 2008دا بێت، بەڵام بەهۆی زۆری چالاکی وەرزشی لە 2008دا، جامی ئاسیا ساڵێک هاتە پێشەوە، بۆ یەکەمجاریش هەرچوار وڵاتی رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئیندۆنیزیا، مالیزیا، تایلەند و ڤێتنام بە هاوبەشی میواندارییان کرد و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراویش عێراق بۆ یەکەمجار نازناوەکەی بردەوە، سەرەڕای خراپیی بارودۆخی سیاسی و تەناهی لە عێراقدا لەوکاتدا.

لە 2011 جامی ئاسیا لە قەتەڕ دووبارە ئەنجامدرا و ژاپۆن بۆ جاری چوارەم بووە پاڵەوان، دوای ئەوەی لە فیناڵدا لە ئوستڕالیای میوانی نوێی کیشوەرەکەی بردەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە