تاڵەموویەکی مارادۆنا بە 50 هەزار یۆرۆ دەفرۆشرێت

07-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا رۆناڵدۆی دیاردە رۆجێ فێدرێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خانەی ئاگۆتیس بۆ زیادکردنی ئاشکرا، چەندین کەلوپەل و پاشماوەی ئەفسانەکانی وەرزش لە زیادکردنێکی ئاشکرادا دەخاتە روو، لە نێویاندا تاڵەموویەکی مارادۆنا و درێسێکی رۆناڵدۆی دیاردە.
 
زیادکردنەکە رۆژی 15ی ئەم مانگە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ئەنجامدەدرێت و 200 پارچە کەلوپەلی جیاوازی ئەستێرە و ئەفسانەکانی وەرزش لەخۆ دەگرێت.
 
لە نێو پاشماوە سەرنجڕاکێشەکانی ئەفسانەکاندا، تاڵەموویەکی سەری دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی ئەرجەنتین هەیە کە درێژییەکەی لە نێوان سێ تاوەکو چوار سانتیمەترە و ستیڤانۆ سیسی هاوڕێی لای خۆی هەڵیگرتووە و لە ساڵی 2018ەوە پاراستوویەتی.
 
خانەکە رایگەیاندووە پێشبینیدەکەن ئەو تاڵەمووە نرخەکەی لە نێوان 35 تاوەکو 50 هەزار یۆرۆ بێت. لە زیادکردنەکەدا هەروەها درێسیکی مارادۆنا دەخرێتە فرۆشتنەوە بەبۆنەی تێپەڕینی 38 ساڵ بەسەر سەرکەوتنی ئەرجەنتین بەسەر ئیتاڵیا لە مۆندیالی 1986.
 
درێسەکە، وێنەی دەستی چەپی مارادۆنای لەسەر چاپکراوە و کراوەتە دیاری لەلایەن مارادۆناوە، نرخەکەی لە نێوان 40 تاوەکو 80 هەزار یۆرۆیە.
 
لە هەمان زیادکردندا، درێسی ژمارە 9ی رۆناڵدۆ نازاریۆی دیاردە دەفرۆشرێت کە لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 1998 لە بەرامبەر فەرەنسا پۆشیویەتی و خانەکە پێیوایە نرخەکەی لە نێوان 40 تاوەکو 80 هەزار یۆرۆیە.
 
فرانسوا تیێری، پسپۆری وەرزش لە خانەی زیادکردنە ئاشکراکە دەڵێ، رۆناڵدۆ ئەو درێسەی رۆژی 12ی حەوتی ساڵی 1998 لە گێمی دووەمی یارییەکەی نێوان بەرازیل و فەرەنسا لەبەرکردووە.
 
روونیکردووەتەوە کە درێسەکە هەندێک پەڵەی نێو یارییەکەی پێوەماوە، بەتایبەت کە پێدەچێ پەڵەکان لە کاتی بەریەککەوتنی رۆناڵدۆ و فابیان بارتێزی گۆڵپارێزی فەرەنسا دروست بووبن.
 
درێسەکە هەروەها پەیوەستە بەیەکێک لە مشتومڕهەڵگرترین رووداوە وەرزشییەکانی مێژوو، رۆناڵدۆ ئەو درێسەی رۆژێک دوای تووشبوونی بەحاڵەتێکی لەناکاو لە پێش یاریی کۆتایی مۆندیالەکە پۆشیووە.
 
جیا لە تۆپی پێ، خانەی ئاگۆتیس هەروەها رێکتێکی بەکارهێنراو لەلایەن رۆجێ فێدرێرەوە لە یاریی کۆتایی ویمبڵدن لە ساڵی 2005 دەخاتە فرۆشتنەوە، کە فێدرێر یارییەکەی لە ئاندی رۆدیک بردەوە و پێشبینیکراوە نرخەکەی لەنێوان 10 تاوەکو 15 هەزار یۆرۆ بێت.
 
هەروەها پشتوێنی پاڵەوانێتیی بۆکسێنی تایبەت بە ئیڤاندەر هۆلیفێڵد دەفرۆشرێت کە ساڵی 1996 لە دوای بردنەوەی لە مایک تایسن بەدەستهێنا و پێشبینیکراوە نرخەکەی لە نێوان 40 تاوەکو 80 هەزار یۆرۆ بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە