مێسی: دەمەوێت ساڵی داهاتوو نازناوی خولی ئەمریکا بەدەست بهێنم
رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی، لە دوای دەستنیشانکردنی بەباشترین یاریزانی خولەکە، دووپاتیکردەوە هەوڵ و قوربانیدان، لە کۆتاییدا پاداشتدەکرێنەوە، هیوانی خواست وەرزی داهاتوو تیپەکەی پاڵەوانی خولی ئەمریکا بێت.
ئینتەرمەیامی، سوپرایزێکی تایبەتی بۆ مێسی لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا ئامادەکردبوو، کە بریتی بوو لە ریزبوونی 250 منداڵی ئەکادیمیای یانەکە لە یاریگەی چیس ستادیۆم لە ویلایەتی فلۆریدا، تاوەکو بەڕاوەستانیان پیتەکانی ئێم، ڤی و پی بە زمانی ئینگلیزی دروست بکەن، جیا لەوەش، سێ منداڵەکەی مێسی لە چاوەڕوانیی باوکیاندابوون بۆ پێدانی جامەکە.
مێسی لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە گوتی، "شانازییەکی گەورەیە کە ئەم خەڵاتەتان لێوەردەگرم، شانازم بەمەشقکردنتان، دڵخۆشم بەوەی لێرەم، زۆر دڵخۆشم بەبوونم لەم یانەیە و لەم شارە".
مێسی هیوای خواست منداڵەکان لە مەشقکردن بۆ گەیشتن بەخەونەکانیان بەردەوام بن، گوتی "دەمویست لە دۆخێکی دیکەدا خەڵاتەکە وەربگرم، تاوەکو دوای خەڵاتەکە بچمە یاریی کۆتایی خولەکە، بەڵام ئەمە تۆپی پێیە و دەبێ رۆژ لە دوای رۆژ باشتر ببیت".
مێسی بەباشترینی خولەکە دەستنیشانکرا پاشئەوەی 20 گۆڵی تۆمارکرد و 16 ئەسیستی هەبوو لە کۆی 1485 خولەک یارییکردن لە وەرزەکەدا.
ئەفسانەکەی ئەرجەنتین هەروەها گوتی، "بەجۆشوخرۆش بووین بۆ ئەوەی ببینە پاڵەوانی خولی ئەمریکا. بەڵام ئەوە رووینەدا و ساڵی داهاتوو بەهێزی زیاترەوە دەگەڕێینەوە و جارێکی دیکە هەوڵدەدەینەوە. ئەمە ئەو خەونەیە کە کاری بۆ دەکەین و دەبێ منداڵەکانیش بەهەمان خەونەوە بژین، لەپێناویدا تێبکۆشن، تاوەکو لە داهاتوودا پاداشتی ئەو قوربانیدانە وەربگرنەوە".
ئینتەرمەیامی ئەگەرچی نازناوی جامی هاندەرانی بەردەستهێنا لە خولەکەدا، بەڵام نەیتوانی بگاتە قۆناخی پلەی ئۆفی خولی ئەمریکا.