هاندەرانی ئارسیناڵ بە هۆکارێکی سەیر دەیانەوێت 25 ملیۆن پاوەند بدەنە وێستهام
رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی بە هۆکارێکی سەیر دەیانەوێت بڕی 25 ملیۆن پاوەند بە یانەی وێست هام بدەن.
هاوینی ئەمساڵ، یانەی ئارسیناڵ بە گرێبەستێك بەبڕی 105 ملیۆن پاوەند دێکلان رایس، یاریزانی ئینگلیزی و ئەستێرەی پێشووی یانەی وێست هامی گواستەوە ریزەکانی و بووە گرانترین گرێبەست لە مێژووی گەنەرز، لەو کاتەدا بەشێك لە میدیاکان و هاندەرانی تۆپی پێ بڕی گرێبەستەکەیان بە "گاڵتەجاڕی" ناوبرد و بەشێكیان باسیان لەوە دەکرد کە ئارسیناڵ لەو گرێبەستەدا فێڵی لێکراوە و رایس شایەنی ئەو بڕە پارە زۆرە نییە کە پێیدراوە.
لەو کاتەوەی پەیوەندی بە ئارسیناڵەوە کردووە، رایس توانیویەتی بە ئاستە نایابەکەی بەخێرایی بچێتە دڵی هاندەرانی یانەکە و خۆشەویستی ئەوان بەدەستبهێنێت. یاریزانەکە لەم وەرزەدا بە ئاستە ناوازەکەی توانیویەتی یارمەتی یانەکەی بدات و رۆڵێکی سەرەکی هەبێت لەوەی ئارسیناڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی پرێمەرلیگ بێت.
لە دوایین یاریی یانەکەیدا بەرامبەر لوتن تاون، رایس جارێکی دیکە بە ئاستە باشەکەی هەمووانی سەرسامکرد و توانی لە دواخولەکی یارییەکەدا بە گۆڵێکی زێڕێن سەرکەوتن بۆ یانەکەی بەدەستبهێنێت و پێگەی ئارسیناڵ لە پێشەنگ قایمتربکات.
دوای یارییەکە، هاندەرانی یانە لەندەنییەکە خۆشحاڵی خۆیان بەبوونی رایس لە یانەکەدا دەربڕی و تەنانەت بەشێك لە هاندەرانی یانەکە لە سۆشیاڵ میدیادا باس لەوە دەکەن کە پێیان واییە رایس شایستەی زیاتر لەو پارەیەیە کە پێیدراوە و بەشێكیان بەشێوەیەکی گاڵتەئامێز دەڵێن "دێکلان رایس شایستەی زیاتر لە 105 ملیۆن پاوەندە و ئێمە پێمان وایە یانەکەمان لەو گرێبەستەدا فێڵی لە وێست هام کردووە".
بۆ ئەم مەبەستە چەند هاندەرێكی ئارسیناڵ، لە یەكێك لە ماڵپەڕەکاندا بانگەشەی کۆکردنەوەی بڕی 25 ملیۆن پاوەند دەکەن بۆ ئەوەی بۆ یانەی وێست هامی بنێرن، لە ماڵپەڕەکەشدا نووسیویانە "بەهۆی ئەو دزییەی لە یانەی وێست هام یونایتد کراوە، داوا لە هاندەرانی ئارسیناڵ دەکەین کۆببنەوە بۆ ئەوەی بڕی 25 ملیۆن پاوەند کۆبکەینەوە و بۆ یانەی وێست هامی بنێرین، وەك قەرەبوویەك بۆ ئەو بڕە پارە کەمەی کە بۆ گرێبەستی دێکلان رایس بە یانەکە دراوە".
بەشێك لە هاندەرانیش کۆمێنتیان کردووە، یەكێکیان دەڵێت "25 ملیۆن پاوەند زۆر کەمە" و یەکێکی دیکەش دەڵێت "ئێمە دەبێت هەموو ساڵێك 25 ملیۆن پاوەندیان بۆ بنێرین".