ڤیدیۆ؛ ئەڵۆنسۆ لە راماڵینی یانەکان بەردەوامە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرلیڤەرکوزن بەسەرکردایەتیی چابی ئەڵۆنسۆ، راهێنەری لاوی یانەکە لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و بە ئاسانی خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی جامی ئەڵمانیا.
 
لیڤەرکوزن لە یاریگەی بای ئارێنا میوانداریی یانەی پادێربێرنی کرد کە لە خولی پلە دوو یاریی دەکات و بە ئاسانی یارییەکەی، بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لێبردەوە و گەیشتە و قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
دوای 11 خولەک یارییکردن ڤیکتۆر بۆنیفاس، دەرگای گۆڵکردنی کردەوە و لیڤەرکوزنی پێشخست.
 
لە خولەکی 28 ئاکسێل پالاسیۆس گۆڵی دووەمی بۆ تیپەکەی ئەڵۆنسۆ تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
 
سێباستیان کلاس لە خولەکی 83 ئەنجامەکەی بۆ یانەی میوان کەمکردەوە، بەڵام دوای تەنیا 4 خولەک پاتریک شیک گۆڵی سێیەم و یەکلاکردنەوەی ئەنجامی یارییەکەی بۆ بایرلیڤەرکوزن تۆمارکرد و یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک کۆتاییهات.
 
لەم وەرزەدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانیتییەکاندا، چابی ئەڵۆنسۆ لە 21 یارییدا سەرپەرشتی لیڤەرکوزنی کردووە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.