ڤیدیۆ؛ یانەکەیان دابەزی و هاندەران ئۆتۆمبێلی یاریزانەکانیان سووتاند

07-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
هاندەرانی سانتۆس
هاندەرانی سانتۆس
نیشانەکردن یانەی سانتۆس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 111 ساڵ لە دامەزراندنی، تۆپی پێی بەرازیل و جیهان هەواڵێکی ناخۆشی پێگەیشت و یانەی سانتۆس، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بۆ خولی پلە دووی وڵاتەکەی دابەزی.
 
سانتۆس ئەو یانەیەی پێلێ، ئەفسانەی کۆچکردووی بەرازیل، نەیمار داسیلڤا و چەندین ئەستێرەی دیکە بەدرێسەکەیەوە دەرکەوتوون، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا دابەزی، دوای ئەوەی لە یارییەکی دراماتیکی و ئاڵۆزدا لە خولەکی 96 گۆڵی لێکرا و دۆڕا.
 
لە دوایین یاریی ئەم وەرزەیاندا لە خولی بەرازیل، سانتۆس میوانداریی یانەی فۆرتالیزای کرد، سانتۆس پێویستیی بەبردنەوە بوو بۆ ئەوەی مانەوەی خۆی لە خولەکەدا مسۆگەر بکات، هەرچەند لە یاریگەی خۆی یاریی دەکرد، بەڵام یارییەکەی دۆڕاند و ئەوەی کەس چاوەڕێی نەبوو روویدا و یانەکە دۆڕا.
 
یارییەکە تاوەکو خولەکی 96 بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک بەردەوامبوو، بەر لەوەی یارییەکە کۆتاییبێت، فۆرتالیزا لە رێگەی خوان مارتن لوسێرۆوە گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، یانەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سێ خاڵی لە یانەی سانتۆس وەگرت و بووە هۆکاری ئەوەی سانتۆس بۆ خولی پلە دووی بەرازیل داببەزێت.
 
سانتۆس لەم وەرزەی خولی بەرازیلدا لە 38 یارییدا 43 خاڵی کۆکردەوە و پلەی 17ـەمی بەدەستهێنا، بەمەش بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بۆ خولی پلە دووی بەرازیل دابەزی، لەکاتێکدا یانەکە لەگەڵ ساوپاوڵۆ و فلامینگۆ ئەو سێ یانەیە بوون کە هەرگیز بۆ خولی پلە دوو دانەبەزیوون، بەڵام سانتۆس خولی سێریا ئەی بەرازیلی بەجێهێشت.
 
دوای دابەزینی سانتۆس بۆ خولی پلە دووی بەرازیل، هاندەرانی یانەکە هێندە تووڕەبوون هێرشیانکردە سەر یاریگەی یانەکەیان و گڕیان بەردایە بەشێکی دەرەوەی یاریگەکە، یاریزانەکانی یانەکەش بەخێراییەکی زۆر چوونەوە ژووری جلگۆڕین و بەرگەی ئەو تووڕەییەی هاندەرانی یانەکەیان نەگرت.
 
هاندەرانی یانەی پێشووی پێلێ و نەیمار، رژانە سەر شەقامەکان، لەبەردەم یاریگەی یانەکەیان ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیان سووتاند کە بەشێکیان ئۆتۆمبێلی یاریزانەکانی یانەکە بوون و ئاگریان بەردایە دەورووبەری یاریگەکەش، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر دابەزینی یانەکەیان و ئەو کەوتنە مێژووییەی کە هەرگیز چاوەڕێیان نەدەکرد.

  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە