ڤیدیۆ؛ لویس سوارێز لە دوایین یارییدا 2 گۆڵی کرد

07-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
لویس سوارێز
لویس سوارێز
نیشانەکردن لویس سوارێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لویس سوارێز دوایین یاریی خۆی بەدرێسی یانەی گرێمیۆی بەرازیلییەوە ئەنجامدا، بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ بردنەوە، بەڵام نەیانتوانی نازناوی خولی بەرازیل ببەنەوە.
 
لە دوایین گەڕی رکابەرییەکانی خولەکەدا، گرێمیۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی فلومینێنسی یارییکرد، یانەی میوان یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
 
لە خولەکی 33 جۆن ئاریاس، بەلێدانی سزا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی فلومینێنسی تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە دوو خولەک، لویس سوارێز یاریی بە گۆڵپارێزی تیپی بەرامبەر کرد و ئەنجامەکەی بۆ گرێمیۆ یەکسانکردەوە.
 
هێشتا فیکەی تەواوبوونی نیوەی یەکەمی یارییەکە لێنەدرابوو، کاتێک ئێڤێرتن بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی گرێمیۆی تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست.
 
لە خولەکی 60 لێدانێکی سزا بۆ گرێمیۆ هەژمارکرا و لویزیتۆ بەشێوەی پانێنکا جێبەجێیکرد و گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەی میوانی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.
 
جۆن کێنێدی لە خولەکی 81 ئەنجامەکەی بە تۆمارکردنی گۆڵی دووەم بۆ تیپەکەی مارسێلۆ کەمکردەوە، بەڵام یارییەکەیان لە یاریگەی خۆیاندا بە دوو گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ دۆڕاند.
 
گرێمیۆی دوای کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی خولی بەرازیل و بردنەوەی دوایین یاری، پلەی دووەمی بەدەستهێنا و 68 خاڵی کۆکردەوە، کە بەجیاوازیی تەنیا دوو خاڵ نازناوەکەی لە بەرژەوەندیی پالمێراس لەدەستدا.
 
ئەمە دوایین یاریی لویس سوارێز بوو، بەدرێسی یانە بەرازیلییەکەوە و لە یانەکە دەڕوات، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "داهاتووی یاریزانەکە لە ئینتەرمەیامی دەبێت لەگەڵ لیۆنێل مێسی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە