ڤیدیۆ؛ یاریزانە نوێیەکەی ریال مەدرید پالمێراسی کردە پاڵەوان

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پالمێراس بەسەرکردایەتیی ئێندریک، هێرشبەری لاوی یانەکەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی بەرازیلی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی کروزێرۆ یەکسانبوو.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، لە گەڕی کۆتایی خولی بەرازیلدا، یانەی پالمێراسی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی کروزێرۆ یاریی کرد، یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
 
دوای 21 خولەک یارییکردن، ئێندریک، یاریزانی 17 ساڵی پالمێراس، کە یاریزانی داهاتووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییە گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەکەی تۆمارکرد، لەبەردەم هاندەرانی خاوەن یاریگەدا سەمای گێڕا و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندیی یانەی میوان کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، لە خولەکی 80 مایکۆن ڤینیسیۆس ئەنجامەکەی بۆ کروزێرۆ یەکسانکردەوە، بەڵام هیچی نەگۆڕی، یەکسانبوون لە یارییەکەدا بە 1-1 بەسبوو بۆ ئەوەی پالمێراس نازناوەکە بباتەوە.
 
ئێندریک لەم وەرزەدا 11 گۆڵی تۆمارکردووە، هاوینی 2024 پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە دەکات.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، یاریزانان و هاندەرانی یانەی پالمێراس ئاهەنگیان بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی خولی بەرازیل گێڕا، دوای ئەوەی بەجیاوازیی دوو خاڵ لەگەڵ یانەی گرێمیۆ نازناوەکەیان بۆ جاری 12ـەیەم لە مێژوویدا و یەکەمجار لە دوای ساڵی 2018ـەوە بەدەستهێنا.