هازارد وازی لە یاریی نێودەوڵەتی هێنا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیدین هازارد، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەلجیکا، ماڵئاوایی لە هەڵبژاردەکە کرد و وازی لە یاریی نێودەوڵەتی هێنا.
 
ئیدین هازارد، یاریزانی 31 ساڵی هەڵبژاردەی بەلجیکا، دوای ئەوەی لە قۆناخی یەکەمی مۆندیالی 2022ـی قەتەر لە پاڵەوانێتییەکەدا کرانە دەرەوە، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانییەوە بەشێوەیەکی فەرمی وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاند و چیدیکە بە درێسی هەڵبژاردەکەوە یاریی ناکات.
 
هازارد لە تەمەنی 17 ساڵییەوە لە 2008 تاوەکو ئێستا یاریی بۆ هەڵبژاردەی بەلجیکا دەکات و رۆڵی گەورەی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردەکە بینیوە، لەبارەی وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی دەڵێت " ئەمڕۆ لاپەرەکە دادەخرێت، سوپاس بۆ خۆشەویستیتان."
 
ئەستێرەکەی ریال مەدرید 126 یاریی نێودەوڵەتیی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەلجیکا ئەنجامداوە و 33 گۆڵی تۆمارکردووە، 56 یاری وەک کاپتنی هەڵبژاردەکە ئەنجامداوە.
 
بەلجیکا لە قۆناخی یەکەمی مۆندیالدا ئاستێکی وای پێشکێشنەکرد و ماڵئاوایی کرد، بەر لە وازهێنانی هازارد، رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری هەڵبژاردەکەش دەستیلەکارکێشایەوە.