بێرناردۆ سیلڤا بۆ رووداو: هیچ کێشەیەکمان لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

بێرناردۆ سیلڤا، یاریزانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دوای یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی سویسرا و گەیشتنیان بە قۆناخی هەشتی مۆندیال، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " کەش و هەوایەکی ئەرێنی لە هەڵبژاردەکەدا هەیە و بەو شێوەیە دەمێنێتەوە."
 
رێبین رەمزی، نێردراوی رووداو لە قەتەر کە لە یاریی پۆرتوگال و سویسرا ئامادەبوو دەڵێت " سەرەڕای ئەوەی پۆرتوگال یارییەکەی بە شەش گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، بەڵام لە کاتی هاتنە دەرەوەیان لە یاریگەدا وەک ئەوەی دۆڕابن یاریزانانی پۆرتوگال دەردەکەون، بۆیە پرسیارم لە بێرناردۆ سیلڤا کرد، کە هیچ کێشەیەکیان لە هەڵبژاردەکەدا هەیە؟ بێرناردۆ لە وەڵامدا گوتی " "ئەو گڕوتین و وزە و بیرکردنەوەیەی لە ژووری خۆگۆڕین هەبوو گەورەبوو، قسەی ئەرێنی دەکرێن و هەروا بە ئەرێنی یاری داهاتوومان بەرامبەر مەغریب دەکەین."
 
ئەستێرەکەی یانەی مانچێستەر سیتی زیاتر گوتی " بە هەمان وزەوە، چونکە دەزانین ئەو یارییەمان لەو قۆناخەدا قورس دەبێت، بەڵام ئێمە لە ئاستێکی باشداین ودەمانەوێ هەروا بمێنینەوە."
 
پۆرتوگال یەکەم هەڵبژاردەیە لە قۆناخی شازدەی مۆندیالدا 6 گۆڵ تۆماربکات، فێرناندۆ سانتۆسیش یەکەم راهێنەری پۆرتوگالییە هەڵبژاردەی پۆرتوگال بگەیێنێتە قۆناخی هەشتی مۆندیال، یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکە رۆژی شەممە کاژێر 18:00 بەرامبەر هەڵبژاردەی مەغریب دەبێت."