چیرۆکی من؛ تۆنی کرووس.. لە دۆزەخی قوتابخانەوە بۆ بەهەشتی نێو یاریگەکانی تۆپی پێ

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 4/1/1990 ئه‌ڵمانیا پێشوازی له‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی نوێ كرد، كه‌ له‌و رۆژه‌دا منداڵێك به‌ ناوی تۆنی كرووس له‌ شاری گریفسفالتی كه‌ناری له‌دایكبوو، ئه‌و شاره‌ی ده‌ڕوانێته‌ سه‌ر ده‌ریای به‌لتیك له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ڵمانیا.
 
رووخساری کرووس لە دوو کاتی جیاوازدا
 
كرووس له‌ منداڵیی خۆیدا قوتابییه‌كی ته‌مبه‌ڵ بوو، كوڕێكی زیره‌ك نه‌بوو، له‌ شارێك كه‌ خاوه‌نی زانكۆیه‌كی به‌ناوبانگه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان، هۆكاری ته‌مبه‌ڵییه‌كه‌یشی ئه‌وه‌بوو كه‌ زۆر وابه‌سته‌ و سه‌رشێت بوو به‌ تۆپی پێ، خۆشه‌ویستی ئه‌و بۆ تۆپ هه‌موو سنووره‌كانی تێپه‌ڕاندبوو، ئه‌و له‌ وه‌رزێكی خوێندندا 40 رۆژ نه‌هاتنی هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كوڕێكی هێمن و ره‌وشت جوان بوو، هه‌موو هاوڕێكانی خۆشیان ده‌ویست.
 
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كرووس له‌ خانه‌واده‌یه‌كی رۆشنبیر و خوێنده‌وار بوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی نینۆكه‌كانی هۆگری تۆپ بووبوو، به‌ره‌ به‌ره‌ له‌ خوێندن دوورده‌كه‌وته‌وه‌، ئه‌و نه‌یتوانی له‌ قۆناخی دواناوه‌ندی تێپه‌ڕێت و وازی له‌ قوتابخانه‌ هێنا و هه‌موو كاته‌كه‌ی بۆ تۆپی پێ ته‌رخان كرد.
 
کرووس لە چەند تەمەنێکی جیاوازدا
 
كرووس هه‌میشه‌ جێگه‌ی په‌سن و ستایشی ئه‌ڵمانه‌كانه‌، به‌هۆی ئه‌و گیانی وه‌رزشییه‌ی هه‌یه‌تی، به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا به‌درێژایی كاروانی وه‌رزشیی خۆی هیچ كارتی سووری وه‌رنه‌گرتووه‌. له‌وه‌ش گرنگتر كرووس له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ش هه‌مان ره‌وشتی جوانی هه‌یه‌ و تاوه‌كو ئێستا ناوی له‌ هیچ هه‌واڵێكدا نه‌هاتووه‌ كه‌ جێگه‌ی مشتومڕ بووبێت.
 
كرووس نه‌ده‌یتوانی بگات به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستیهێناوه‌، ئه‌گه‌ر به‌ هاوكاری ماڵباته‌كه‌ی نه‌بووایه‌، كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی بوون و ئه‌و كه‌شه‌یان بۆ ره‌خساند كه‌ گونجاو بوو بۆ ئه‌وه‌ی تواناكانی له‌ تۆپی پێدا په‌ره‌ پێبدات. هێشتا ته‌مه‌نی 7 ساڵان بوو كه‌ باوكی و فیلیكسی برای بوونه‌ پشتیوانی، كه‌ باوكی راهێنه‌ری زۆرانبازی بوو.
 
نه‌ك هه‌ر ته‌نیا باوك و برای، به‌ڵكو دایكی كرووسیش وه‌رزشوانێكی به‌ناوبانگ بوو، ئه‌وه‌ش هانده‌رێكی دیكه‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره‌ به‌ تواناكانی بدات.
 
بیرگێت كامه‌ری دایكی كرووس یه‌كێك بوو له‌ پاڵه‌وانه‌ به‌ناوبانگه‌كانی وه‌رزش له‌ ئه‌ڵمانیا، ئه‌و چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی ناوخۆ و نازناوی جیهانی له‌ یاری ریشه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌. ئه‌م ئافره‌ته‌ رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بوو له‌وه‌ی كرووس ببێته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی به‌نێوبانگی جیهانی تۆپی پێ.
 
برایت کاماری دایکی و رۆلاند کرووسی باوکی
 
كرووس یه‌كێكه‌ له‌و یاریزانانه‌ی حه‌زی له‌وه‌ نییه‌ نهێنییه‌كانی ژیانی كه‌سیی بكه‌ونه‌ ده‌ست ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، ئه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كوڕێكی جوانه‌ و لای كچان خۆشه‌ویسته‌، به‌ڵام هه‌رگیز په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كچان دروست ناكات، ته‌نیا بایه‌خ به‌ هاوژینی خۆی ده‌دات. ئه‌و ته‌نیا كچێكی خۆشویستووه‌، كه‌ جێسیكا فاربه‌ره‌، كه‌ له‌ 13/1/2015 هاوسه‌رگیریان كرد، كه‌ ئه‌وكاتیش ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری ته‌نیا له‌نێو خێزانی خۆیدا ئه‌نجامدا و نه‌یهێشت ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و رۆژنامه‌نووسان ئاماده‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌ بن.
 
جێسیكای هاوژینی كرووسیش حه‌زی له‌ خۆده‌رخستن نییه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی دۆست و هاوژینی ئه‌ستێره‌كان حه‌زی له‌ ناوبانگ و بایه‌خپێدانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن نییه‌ و ته‌نانه‌ت حه‌زی له‌ بزنس و كاركردنیش له‌ ده‌ره‌وه‌ نییه‌، ئه‌و ته‌نیا بایه‌خ به‌ گه‌وره‌كردن و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانی ده‌دات، كه‌ خۆی و كرووس خاوه‌نی كوڕێك و كچێكن، كوڕه‌كه‌ ناوی لیۆنه‌ و كچه‌كه‌ش به‌ ئیمێلی بانگ ده‌كرێت.
 
کرووس و جێسیکای هاوژینی
 
كرووس بێجگه‌ له‌ تۆپی پێ زۆر ئاره‌زووی دیكه‌شی هه‌یه‌، ئه‌و له‌ كاته‌كانی پشوودا حه‌زی له‌ یاری تێنسه‌ و پێیوایه‌ له‌دوای تۆپی پێ ئه‌و یارییه‌ خۆشترین یاری وه‌رزشییه‌ و به‌ به‌رده‌وامی به‌دواداچوون بۆ هه‌واڵه‌كانی ئه‌و یارییه‌ ده‌كات. هانده‌رێكی سه‌رسه‌ختی رۆجێر فێدێرێری تێنسزانی سویسرییه‌.
 
تۆنی هه‌روه‌ها حه‌زی له‌ یاری پۆكه‌ر و باسكه‌شه‌ و به‌ باشیش ئه‌نجامیان ده‌دات، كه‌ زۆرجار له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی ئه‌و دوو یارییه‌ ده‌كات.
 
كرووس حه‌ز له‌ گۆرانییه‌كانی پۆپ ده‌كات و به‌و هۆكاره‌وه‌ بووه‌ته‌ هاوڕێیه‌كی نزیكی گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی پۆپی ئه‌ڵمانی، هارتمۆت ئینگله‌ر، كه‌ ئه‌ویش زۆر سه‌رسامه‌ به‌ كرووس.
 
هارتمۆر ئینگلەر - گۆرانیبێژی پۆپ
 
یاریزانی ئه‌ڵمانی ته‌مه‌ن 29 ساڵانی یانه‌ی ریال مه‌درید، له‌ رووی خواردنیشه‌وه‌ زۆر حه‌زی له‌ گۆشتی كه‌ڵه‌شێری رۆمییه‌، ئاڵووده‌شه‌ به‌ خواردنه‌وه‌ی كۆكاكۆلا، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یاریزانی تۆپی پێیه‌ و ئه‌و خواردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌و له‌ رووی زانستییه‌وه‌ زۆر نه‌گونجاوه‌، به‌و پێیه‌ی پڕه‌ له‌ گاز و شه‌كر و كاریگه‌ری خراپی به‌سه‌ر توانای جه‌سته‌یی ئه‌و ده‌بێت.
 
كرووس یه‌كێكه‌ له‌ یاریزانه‌ هه‌ر به‌ناوبانگه‌كانی تۆپی پێ له‌ ئه‌ڵمانیا، كه‌ سه‌رمایه‌كه‌ی به‌ 50 ملیۆن یۆرۆ ده‌خه‌ملێنرێت، ئه‌و له‌ دوای مه‌سعود ئۆزێلی یاریزانی یانه‌ی ئارسیناڵ و مانوێل نویه‌ری گۆڵپارێزی یانه‌ی بایرن میونشن سێیه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندترین یاریزانی تۆپی پێیه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا.
 
كرووس حه‌زده‌كات به‌شێك له‌ سه‌رمایه‌ی خۆی بداته‌ هه‌ژاران، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌زگایه‌كی خێرخوازی به‌ ناوی خۆی داناوه‌ بۆ یارمه‌تیدانی پیر و به‌ته‌مه‌ن و نه‌خۆشه‌كان. ئه‌و ده‌زگایه‌، كه‌ له‌ ئه‌ڵمانیایه‌، یارمه‌تی نه‌خۆشخانه‌كانی منداڵان ده‌دات له‌ شاره‌كانی كۆلۆنیا و دۆسلدۆرف، جێسیكای هاوژینیشی سه‌رپه‌رشتی ئه‌و ده‌زگایه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها هارتمۆت ئینگله‌ری گۆرانیبێژی پۆپ ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ باڵوێزه‌كانی.