گەندەڵییەكی دیكەی بلاتەر ئاشكرابوو

رووداو – هەولێر 

سەرچاوەیەكی هەواڵ ئاشكرایكرد، نووسینگەی لێكۆلێنەوەی فیدرالیی ئەمەریكا، ناسراو بە ئێف بی ئای، خەریكی لێكۆڵینەوەیە لە كەیسێك، كە گومان دەكرێت سەرۆكی فیفا بە وەرگرتنی 100 ملیۆن دۆلار وەكو بەرتیل، تۆمەتباربێت.

تۆڕی هەواڵی بی بی سی ئەمڕۆ دووشەممە راپۆرتێكی بڵاویكردەوە، كۆمپانیای ISL بۆ بازاڕكاری وەرزشی بەرتیلی داوەتە چەند بەرپرسێك، لەوانە جواو هاڤیلانچی سەرۆكی پێشووی فیفا و و ریكاردۆ تێكسێرای ئەندامی لیژنەی تەنفیزیی فیفا، لە پێناو كاری بازاڕكاری تەلەڤزیۆنی بۆ یارییەكان لە ساڵانی نەوەدەكاندا.

هاڤیلانچی بەڕازیلی لە ماوەی ساڵانی 1974 تاكو 1998 سەرۆكی فیفا بوو، دواتر بلاتەر شوێنی گرتەوە.

راپۆرتەكە باس لەوەدەكات، هاڤیلانج نووسراوێكی نووسیوە و تێیدا باسی ئەو بڕەپارانەی كردووە كە وەریگرتووە و ئاماژەی بەوەشداوە، بلاتەر ئاگەداری هەموو وردەكارییەكی چالاكییەكانە.

هەروەها راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەداوە، ئێف بی ئای نووسراوێكی ئاراستەی بەرپرسانی سویسرا كردووە و داوای یارمەتی لێكردوون بۆ لێكۆڵینەوەكان، لە بەرامبەردا بلاتەر رەتیكردووەتەوە وەڵامی ئەو دەنگۆیانە بداتەوە.

بلاتەری سەرۆكی فیفا، كە ئێستا لە كار وەستێندراوە، كۆمەڵێك كێشە و سكانداڵی گەورەی دووچاربووە، هاوكات پێشتر رایگەیاندبوو، لە ساڵی 2016دا واز لە پۆستەكەی دێنێت.

جۆزیف بلاتەر، كە تەمەنی 79 ساڵە، بۆ ماوەی 90 رۆژ لە كار وەستێندراوە و لە ناوەڕاستی ئەم مانگەشدا بڕیارە لە بەردەم لیژنەی رەوشت لە فیفا ئامادەبێت، سەبارەت بە لێكۆڵینەوە لە كەیسی گواستنەوەی پارە بۆ میشێل پلاتینی سەرۆكی تۆپی پێی ئەوروپا، كە ئەویش بە راگرتن سزادراوە.