پاڵەوانێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق لە هەولێر دەستیپێکرد
رووداو هەولێر
بەبەشداری 60 یانە کێبرکێکانی پاڵەوانێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق لە هەردوو یاریگەی فەرەنسۆ هەریری لەگەڵ کۆلیژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی سەڵاحەدین لە پایتەختی باشووری کوردستان دەستیپێکرد و سێ رۆژ دەخایێنێت.
زیاتر لە هەزار یاریزانی کوڕ و کچ ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی پلەکانی پێشەوە دەکەن، بەشێکیان ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی عێراقن. مریەم عەبدولحەمید یاریزانی بازی بەرزی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی کە خاوەنی ریکۆردی ژمارەی پێوانەیی عێراقە لە یارییەکەدا بە بازدان بەسەر بەرزایی سەدوهەشتاویەک سانتیمەتر، ئەمجارە دەیەوێت ریکۆردێکی نوێ تۆماربکات.
مریەم عەبدولحەمید، کە خەڵکی شاری بەغدایە و چەند ساڵێکە خۆی و ماڵباتەکەی لە شاری هەولێر ژیان بەسەردەبەن، لە لێدوانێکی بۆ رووداو رایگەیاند "ئەمساڵ دەمەوێت ریکۆردێکی نوێ تۆماربکەم و دەمەوێت بەهێزتر دەربکەوم، سوپاسگوزاری خوام کە خاوەن هەشت میدالیای نێودەوڵەتیم لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا و وڵاتانی عەرەب".
بەشێکی دیکەی یاریزانەکان نوێن، هەرزاڵ کەمال، تەمەن شازدە ساڵ خەڵکی سلێمانییە و لە ریزی یانەی خانەقین یاریدەکات، دووەمجارە ئەزموونی خۆی لە پاڵەوانێتیی عێراق تاقیدەکاتەوە، وەک وەرزشوانێکی لاو خەونی گەورە بۆ داهاتووی دەبینێت، ئەم خانمە یاریزانە بۆ رووداو، گوتی "گرنگ پلەی یەکەم نییە و هەر تاقیکردنەوەیەکی نوێ لە ژیان ئەزموونی باشت بۆ داهاتوو پێدەبەخشێت، من لە یارییەکانی راکردنی 100 مەتری بەشداریم کردووە".
یەکێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، کە سەرپەرشتی پاڵەوانێتییەکە دەکات، چاودێری ئاستی یاریزانەکان دەکات، بۆ دەستنیشانکردنی پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی عێراق بۆ بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتی عەرەب و ئاسیا.
ئەم پاڵەوانتێتییە بۆ زیندوکردنەوەی یاریی گۆڕەپان و مەیدانە لە شاری هەولێر، لەبەرئەوەی هەولێر لە 20 ساڵی رابردوودا هیچ جۆرە پاڵەوانێتییەکی عێراق لە شاری هەولێر ئەنجام نەدرابوو.