رێنارد پەنا دەباتەوە بەر چەکی شکستپێهێنانی مێسی

07-11-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی سعودیە هێرڤی رێنارد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەو لیستەی کە لەلایەن هێرڤی رێناردی فەرەنسی، راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە بۆ ئەنجامدانی هەردوو یارییەکەیان بەرامبەر ئوسترالیا و ئیندۆنیزیا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 راگەیێندرا، کاردانەوەی بەرفراوانی لە شەقامی وەرزشیی سعودی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
رێنارد پێش ئەوەی گەشتی پاڵاوتنەکانی مۆندیال تەواو بکات، پەنای بردووەتە بەر گۆڕانکاری بەکۆمەڵ لە لیستی هەڵبژاردەی سەوزدا، بۆ ئەوەی خەونی پاڵاوتن بۆ گەیشتن بە مۆندیال لە لەبارچوون رزگار بکات.
 
هەڵبژاردەی سعودیە لە قۆناخی چارەنووسسازدا لە چوار یارییدا تەنیا یەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، کە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا بەئەنجامی 2-1 لە چینی بردەوە، هاوکات لە یاریگای خۆیدا بەرامبەر ژاپۆن بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاوە و لەگەڵ ئیندۆنیزیا و بەحرەین یەکسان بووە.
 
با بزانین رێنارد دوای گەڕانەوەی بۆ سەرکردایەتیکردنی سعودیە چ گۆڕانکارییەکی کردووە:
 
چەکی شکستپێهێنانی مێسی
 
رێنارد بەڕوونی رووی لە پیاوەکانی کرد کە خوویان بەشێوازی کارکردنی خۆیەوە گرتبوو، بەتایبەتی ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی سعودیە، کە لە مۆندیالی 2022 یارییان کرد.
 
هەڵبژاردەی سعودیە لە کاتی مۆندیالدا لە قەتەر بەرامبەر ئەرجەنتین سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا و بە ئەنجامی 2-1 لێیبردەوە.
 
رێنارد پەنای بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لەو ئەستێرانە برد کە بەشدارییان لە ئەرکی شکستپێهێنانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی پاڵەوانی جیهان کرد کە لیۆنێل مێسی سەرۆکایەتی دەکرد.
 
لیستی رێنارد 12 یاریزانی تێدایە کە بەشداری یارییەکەی ئەرجەنتینیان کردبوو، ئەوانیش: حەسەن تیمبکتی، عەلی بلهێی، سعود عەبدولحەمید، یاسر ئەلشەهرانی، عەبدولئیلا مالیکی، محەممەد کانۆ، سەلمان فەرەج، ساڵح ئەلشەهری، فیراس بریکان و سالم دۆسەری، جگە لەوانەی وەک یەدەگ بەشداریان کردبوو، وەک: عەبدولئیلا عومەری و سوڵتان ئەلغانم.
 
گۆڕانکاری بەکۆمەڵ
 
رێنارد پەنای بۆ گۆڕانکاری بەکۆمەڵ لە ریزبەندیی هەڵبژاردە سەوزەکە بردووە، دیارترینیان گەڕانەوەی هەندێک یاریزان کە رۆبێرتۆ مانچینی دەستبەرداریان بووبوو، بەتایبەتی سەلمان ئەلفەرەج، یاریزانی یانەی نیۆم کە لە خولی پلە دووی سعودی یاری دەکات.
 
هەروەها راهێنەرە فەرەنسییەکە عەلی بلێهی بەرگریکاری یانەی هیلالی گەڕاندەوە پێکهاتەکەی، دوای ئەوەی لە دوایین کەمپدا لەلایەن رۆبێرتۆ مانچینیی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەکە دوورخرایەوە.
 
گۆڕانکارییەکان گەیشتووەتە 10 یاریزان لە لیستی هەڵبژاردەی سعودیە، دوای ئەوەی رێنارد، گۆڵپارێز عەبدولڕەحمان ئەلسانبی، یاسر ئەلشەهرانی، عەلی بلێهی، عەبدولئیلا عومەری، سەعد ئەلناسر، موهەننەد ئەلشەنقیتی، سەلمان ئەلفەرەج، محمد کنۆ، ئەیمەن فەلاتا و عەبدوڵڵا حەمدانی بانگهێشت کردەوە.
 
راهێنەرە فەرەنسییەکە هەریەک لە راغد ئەلنەجاڕ، حەسەن کادش، مشعەل خەیروڵڵا، عەون ئەلسەلوولی، رەیان حەمەد، عەلی ئەسمەری، حوسێن ئەلسیبانی، محەممەد مەران، عەبدولڕەحمان غەریب و ئەیمەن یەحیای دوورخستەوە.
 
گەڕانەوەی سەرکردە
 
رێنارد سەرەڕای رۆیشتنی لە یانەی هیلال، ئەستێرەی هەڵبژاردەی سعودیە سەلمان ئەلفەرەجی ئەستێرەی سعودیەی گەڕاندەوە پێکهاتەکەی.
 
ئەم بڕیارە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە ئەلفەرەج تەمەنی گەیشتووەتە 35 ساڵ و بە پەیوەندیکردن بە یانەی نیۆمەوە خولی رۆشنی بەجێهێشت.

 

فەرەج 8 یاری لە خولی پلە دوو ئەنجامداوە، تەنیا 3 ئەسیستی هەیە بەبێ ئەوەی هیچ گۆڵێک تۆماربکات.
 
بەڵام گەڕانەوەی ئەلفەرەج بەشێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ خواستی رێنارد، کە دەیەوێت سەرکردەیەک هاوکاری بکات لەناو کەمپەکەدا و بتوانێت جۆش و خرۆش لە دڵی یاریزانانی هەڵبژاردەی سعودیە بچێنێتەوە و سوود لە ئەزموونەکانی وەربگرێت بۆ ئەوەی تیپەکە بەباسی دەستپێبکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە