"راهێنەرە نوێیەکەی مانچێستەر بەگەڕانەوەی رۆناڵدۆ رازییە"


رووداو دیجیتاڵ

پاش دەستنیشانکردنی رۆبین ئامۆریم بەڕاهێنەری نوێی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، سەرچاوەکان دەڵێن، دەکرێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بگەڕێتەوە بۆ ریزەکانی ئەو یانەیە.
 
لە پاش دوورخستنەوەی ئێریک تێن هاگ، لە مەشقدانی مانچێستەر یونایتد، رۆبین ئامۆریمی راهێنەری سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالی، بەڕاهێنەری نوێی یونایتد دەستنیشانکرا. ئامۆریم پۆرتوگالییە و پێشتر لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال یارییکردووە.
 
هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەوانی، باسوخواسی ئەگەری گەڕانەوەی رۆناڵدۆیان بۆ مانچێستەر یونایتد وروژاندووە، پاشئەوەی تێن هاگ لە مەشقدانی یانەکە دوورخرایەوە، کە هۆکاری سەرەکیی رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو لە مانچێستەر یونایتد.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ساڵی 2021 گەڕایەوە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد، پاش یارییکردن لە یوڤێنتوسی ئیتاڵی، بەڵام ساڵی دواتر بەهۆی ناکۆکی قووڵ لەگەڵ تێن هاگ، ناچاربوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە هەڵبوەشێنێتەوە و دواتر رووبکاتە یانەی نەسڕی سعودی.
 
تێدی شێرینگهام، کە یەکێکە لە ئەفسانەکانی پێشووی مانچێستەر یونایتد، گەڕانەوەی سی ئاڕ سێڤن بۆ مانچێستەر یونایتد بەدوور نازانێت.
 
ئەو ئەستێرەیەی پێشووی یانەکە، قسەی بۆ 'تۆک سپۆرت' کردووە و دەڵێ، "پێموایە رۆناڵدۆ پێشوازی لێکراو دەبێت لە مانچێستەر یونایتد لەژێر سەرپەرشتی رۆبین ئامۆریم، بەڵام ئەو بەدوای هەلی گەورەتردا دەگەڕێت لە ژیانیدا".
 
شێرینگهام پێیوایە، کریستیانۆ دوور لە دونیای یارییکردن و مەشقدان، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر دونیای تۆپی پێ دروست بکات، وەکئەوەی داڤید بێکهام پێشتر کردوویەتی لەبواری بزنس لە تۆپی پێدا.
 
ئەستێرەکەی یونایتد دەڵێ، مەرج نییە رۆناڵدۆ وەک یاریزان بگەڕێتەوە یانەکە، دەکرێ ئەو وەک یاریدەدەری راهێنەر، یان راوێژکار یان هەر پۆستێکی دیکەی کاریگەری لە یانەکەدا هەبێت.
 
شێرینگهام ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر زەحمەتە رۆناڵدۆ لە دەستەی مەشقدەرانی یانەکە بێت، چونکە ئەو خۆی پێشتر چەندینجار دووپاتیکردووەتەوە، پاش وازهێنان لە یارییکردن، نابێتە راهێنەر.
 
رۆبین ئامۆریم رۆژی 11ی ئەم مانگە، بەفەرمی مەشقدانی یانەی مانچێستەر یونایتد لە ئەستۆ دەگرێت.