رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و بردنەوەیەکی دیکەی لەسەر ئاستی ئەورووپا تۆمارکرد و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یانەی سێرڤینا زڤێزدای سێربیی بردەوە.
بارسا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە، ئەمە سێیەم بردنەوەی یانە کەتەلۆنییەکە لە چامپیۆنزلیگدا و بووە خاوەنی 9 خاڵ.
دوای یارییەکە هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا گوتی "دیدگای ئێمە روون بوو و دەمانویست سەرکەوتن بەدەستبهێنین، ئێمە دەمانەوێت سێ خاڵ ببەینەوە و وەکو ئەوەی بینیتان یارییەکە قورس بوو و زەحمەتە لە یاریگەی خۆتدا خاڵەکان ببەیتەوە، بۆیە بەراستی سەرنجمان لەسەر بەدەستهێنانی ئەم سێ خاڵە بوو و دڵخۆشم بردمانەوە."
راهێنەری بلاوگرانا زیاتر گوتی "زۆر دڵخۆشم بە ئاستی یاریزانەکانم، چونکە مامەڵەیەکی زۆرباش لەگەڵ تۆپ دەکەن و بەراستی یارییەکی باشیان ئەنجامدا، ئەمەش زۆرباش بوو، لەگەڵ گۆڕانکارییەکانیشدا هیچ نەگۆڕاوە و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆرباشی هەیە."
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی دەیەوێت یاساکانی ئۆفساید بگۆڕێت؟ لەکاتێکدا هەندێک جوڵە هەیە 20 بۆ 30 چرکە پێویستە تاوەکو ناوبژیوان ئاڵاکەی بەرزدەکاتەوە و ئەگەری هەیە یاریزان تووشی پێکان ببن؟ راهێنەری بارسێلۆنا گوتی "پێموایە لە سێ یاریی پێشوودا ئەوەم گوتووە، شتێک پێم خۆش نییە ئەوەیە کە لە حاڵەتی لەو جۆرەدا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بەرگری، بەڵام لە کۆتاییدا بینینی ئەوە ئاسان نییە، ئەمە شێوازی یارییکردنی ئێمەیە و یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی ببینە تیپێکی یەکگرتوو، ئەمەیە کە ئێمە دەمانەوێت و دەبێت ئەم بابەتە لەبەرچاو بگرین."
بارسێلۆنا لە یارییەکەدا ریکۆردی نوێی تۆمارکرد، یەکەمجارە لە دوای 2017ـەوە بارسا لە سێ یاریی بەدوای یەکدا 3 گۆڵ یان زیاتر تۆمار بکات، جگە لەوەش یانەکە 7 یارییە لەسەریەک دەیباتەوە.
بارسێلۆنا لە دوایین 5 یارییدا 21 گۆڵی تۆمارکردووە، دوای ساڵی 2011، یەکەمجارە یانەکە لە چامپیۆنزلیگدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی 5 گۆڵ بەرامبەر یانەیەک بکات، دوایینجار لە 2011 بەرامبەر باتی بۆریسۆڤ ئەو کارەیکردبوو، کە گواردیۆلا راهێنەری یانەکە بوو.
لەو کاتەوەی هانزی فلیک بووەتە راهێنەر بارسێلۆنا 5 جار 5 گۆڵی لە یارییەکدا کردووە لەکاتێکدا 16 یاریی ئەنجامداوە، پێشتر تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی چاڤی لە 143 یارییدا تەنیا لە 4 یارییدا 5 گۆڵی تۆمارکردبوو.
بارسێلۆنا یەکەمجارە لە مێژوودا لە دوای ئەنجامدانی 16 یاری 55 گۆڵ لە وەرزێکدا تۆماربکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ