فەرمی... ریال مەدرید گرێبەستی کاماڤینگا درێژ دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدرید رایگەیاند، گرێبەستی یاریزانی فەرەنسی، ئێدواردۆ کاماڤینگای درێژکردەوە، بەمەبەستی دڵنیابوون لە بەردەوامیی لەگەڵ تیپەکە.
 
یاریزانە فەرەنسییەکە سێیەم یاریزانە کە لەم دواییانەدا یانەی شاهانە گرێبەستەکی درێژ دەکاتەوە، دوای ئەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلی تاوەکو ساڵی 2027 درێژکرایەوە، هەروەها رۆدریگۆش تاوەکو ساڵی 2028 لە ریال مەدرید دەمێنێتەوە.
 
کاماڤینگا هاوینی 2021 لە یانەی رینسی فەرەنسییەوە بەبڕی 30 ملیۆن یۆرۆ گەیشتبووە یانەی شاهانە.
 
یاریزانە فەرەنسییەکە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات کێش و گرنگییەکی زیاتر لە ریال مەدرید وەردەگرێت، لە کاتێکدا خەریکە تەمەنی دەبێتە 21 ساڵ. ئەو ئێستا بەبێ هیچ مشتومڕێک یاریزانێکی سەرەکییە لە پێکهاتەی کارلۆ ئەنچیلۆتی، جا ئەگەر وەک یاریزانی ناوەڕاست یان وەک بەرگریکاری چەپ یاری بکات.
 
کاماڤینگا 114 یاری بۆ ریال مەدرید ئەنجامداوە و پێشتر لە دوو وەرزی یەکەمی لەگەڵ تیپەکەدا هەموو نازناوەکانی بردووەتەوە، کە بریتین لە لالیگا، چامپیۆنزلیگ، جامی شا، جامی سوپەری ئیسپانیا، جامی سوپەری ئەوروپا و جامی جیهانی یانەکان.