چامپیۆنزلیگ بە چەندین یاری بەهێزەوە دەگەڕێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

چامپیۆنزلیگ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە و لەم هەفتەیەدا چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا هەلی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێ کە پێگەی خۆیان لە پێشەنگ قایمتر بکەن و هەلی سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی 16 زیاتر بکەن. 
 
ئەیسی میلان vs پاریس سانجێرمان
لە لوتکەی یارییەکانی ئەم گەڕەی چامپیۆنزلیگدا، یانەی ئەیسی میلان لە یاریگەی سانسیرۆ میوانداری پاریس سانجێرمان دەکات. میلان بارودۆخی خراپە و لە دوایین پلەی ریزبەندی کۆمەڵەکەیان دێت لە چامپیۆنزلیگ. بەهەمان شێوە لە خولی ئیتاڵیشدا یانەکە بەردەوامە لە ئاستە خراپەکانی بۆ سێیەمین یاری لەسەریەك نەیانتوانی بردنەوە بەدەستبێنن کاتێك لە دوایین یارییاندا میوانداری ئۆدینێسیـیان کرد و یارییەکەیان بە گۆڵێکی بێ وەڵام پێ دۆڕاند. میلان لە چامپیۆنزلیگدا خاوەنی دوو خاڵە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندی دێت. 
 
سەبارەت بە پاریس سانجێرمان، یانەکە توانیان قەرەبووی شکستە قورسەکەی دژی نیوکاسڵ بکاتەوە کاتێك میوانداری میلانی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە. پاریس بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕێت و دوایین پێنج یاریی خۆی بردوەتەوە و توانیویەتی لە سەرجەم یاریەکاندا سێ گۆڵ تۆمار بکات. لە چامپیۆنزلیگدا، یانە فەرەنسییەکە خاوەنی شەش خاڵە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی دێت و چاوی لەوەیە بە بردنەوەی ئەم یارییە پێگەی خۆی لە پێشەنگ قایمتر بکات و زیاتر لە رکابەرەکانی دوور بکەوێتەوە.
 
سەبارەت بە پێکهاتەکانیان هەردوو یانە بەدەست پێکانەوە دەناڵێنن. لە میلان، هەریەکە لە کالولو، سیمۆن کایەر، بناسڕ، ماتیا کاڵدارا، پێلیگرینۆ و مارکۆ سپۆرتێلۆ ناتوانن بەهۆی پێکانەوە بەشداری یارییەکە بکەن. 
 
بەهەمان شێوەی میلان، پاریس سانجێرمان بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی هەریەکە لە دانیلۆ پێرێرا، مارکۆ ئاسێنسیۆ، ناڤاس، نونۆ مێندێس و کیمپێمبێ بێ بەش دەبێت. 
 
پێکهاتەی پێشبینی کراوی هەردوو یانە:
 
ئەیسی میلان: ماینان، کالابریا، تیاو، تۆمۆری، تیۆ هێرناندێز، موسا، رایندەرس، لۆفتەس چێك، پولیسیچ، ژیرۆ، لیاو.
 
 
 
پاریس سانجێرمان: دۆنارۆما، حەکیمی، مارکینیۆس، شکرینیار، لوکاس هێرناندێز، ئوگارتێ، زایر ئێمری، دێمبێلێ، لی کانگ ئین، کۆلۆ موانی، ئێمباپێ.
 
 
 
بۆروسیا دۆرتمۆند vs نیوکاسڵ یونایتد
دوای سەرکەوتنە مێژوویەکەی دژی پاریس سانجێرمان بە ئەنجامی 4-0، نیوکاسڵ تووشی شکستێکی قورس هات کەتێك لە یاریگەی سەینت جەیمس پارك میوانداری بۆروسیا دۆرتمۆندی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرامبەر پێ دۆڕاند. یانە ئینگلیزییەکە لە دوایین یاری خۆیدا لە پرێمەرلیگ توانی ئاستێکی باش پێشکەش بکات و ئارسیناڵ تووشی یەکەم شکست بکات لە خولی ئینگلیزیدا. نیوکاسڵ لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا لە سێ یاریدا خاوەنی چوار خاڵە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێت، چاوی لەوەیە بە بردنەوەی ئەم یارییە بگەڕێتەوە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی و جارێکی دیکە هیوای گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو زیندوو بکەنەوە. 
 
سەبارەت بە دۆرتمۆند، یانەکە لە دوایین یارییاندا لە بۆندێسلیگا تووشی شکستێکی قورس هاتن کاتێك میوانداری بایرن میونشنیان کرد و یارییەکەیان بە ئەنجامی 4-0 پێ دۆڕاند. سەرەڕای ئەو شکستەکەیان لە دێر کلاسیکێر، دۆرتمۆند لە چامپیۆنزلیگدا لە دوایین شەش یارییاندا لە یاریگەی خۆیان هیچ شکستێکیان نییە و تەنیا یەك گۆڵیان لێ کراوە. یانە ئەڵمانییەکە دەیەوێت هەمان سیناریۆی یاری رابردووی دژی نیوکاسڵ دووبارە بکاتەوە، کاتێك یارییەکەی لە نیوکاسڵ بردەوە و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا. بەهەمان شێوەی نیوکاسڵ، دۆرتمۆند خاوەنی چوار خاڵە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێت، براوەی ئەم یارییە دەبێتە خاوەنی حەوت خاڵ و چانسی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16 زیاد دەکات.
 
 
شاختار دۆنێتسك vs بارسێلۆنا
دوای بردنەوەی سەرجەم یارییەکانی لە چامپیۆزنلیگدا، بارسێلۆنا دەبێتە میوانی یانەی شاختاری ئۆکرانی و چاوی لەوەیە لە بردنەوەکانی بەردەوام بێت و گەیشتن بە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ مسۆگەر بکات. شاختار لە چامپیۆنزلیگدا بردنەوەیەك و دوو دۆڕانی هەیە و خاوەنی سێ خاڵە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێت.   
 
پۆرتۆ vs رۆیال ئانتوێرپ 
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، لە یاریگەی دراگاو پۆرتۆ میوانداری رۆیال ئانتوێرپ دەکات. ئانتوێرپ بە دۆخێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت و سەرجەم یارییەکانی لە چامپیۆنزلیگدا دۆڕاندووە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندی دێت. سەبارەت بە پۆرتۆ، یانەکە دوو بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێت و بە سێ خاڵ دوای بارسێلۆنای پێشەنگ دێت. 
 
سێڵتیك vs ئەتلەتیکۆ مەدرید 
لە یاریگەی واندا مێترۆپۆلیتانۆ، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید میوانداری سێڵتیك دەکات. سێڵتیك لە چامپیۆنزلیگدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و بە یەك خاڵ لە دوا پلەی ریزبەندی دێت. سەبارەت بە ئەتلەتیکۆ مەدرید، یانە ئیسپانییەکە لە سێ یاریدا بردنەوەیەك و دوو بەرامبەر بوونی هەیە و بە پێنج خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێت. 
 
لازیۆ vs فاینۆرد
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، یانەی لازیۆ لە یاریگەی ئۆڵۆمپیکۆ میوانداری فاینۆردی پێشەنگ دەکات. لازیۆ خاوەنی چوار خاڵە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێت و خاڵێك لە دوای ئەتلەتیکۆ و دوو خاڵ لە دوای فاینۆرد دێت. سەبارەت بە فاینۆرد، یانە هۆڵەندییەکە لە سێ یاریدا دوو بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی دێت و چاوی لەوەیە بە بردنەوەی ئەم یارییە چانسی گەیشتن بە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ زیاتر بکات.
 
یۆنگ بۆیز vs مانچێستەر سیتی 
مانچێستەر سیتی یەکێکە لەو یانانەی کە سەرجەم یارییەکانیان لە چامپیۆنزلیگدا بردوەتەوە. ئەمجارەشیان لە یاریگەی ئیتیحاد میوانداری یۆنگ بۆیز دەکات و چاوی لەوەیە بە بردنەوەی ئەم یارییە گەیشتم نە قۆناخی داهاتوو مسۆگەر بکات. یۆنگ بۆیز هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و خاوەنی تەنیا یەك خاڵە، یانەکە چاوی لەوەیە کورسییەکی یۆرۆپالیگ بەدەستبێنێت.
 
سرڤێنا زڤێزدا vs لایپزیگ 
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، لایپزیگ دەبێتە میوانی سرڤێنا زڤێزدا. لایپزیگ لە سێ یاریدا دوو بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێت و سێ خاڵ لە دوای مان سیتی پێشەنگ دێت. سەبارەت بە سرڤێنا، یانەکە بە هەمان شێوەی یۆنگ بۆیز خاوەنی یەك خاڵە و لە دوا پلەی ریزبەندی دێت.