تیروپشکی یۆرۆپالیگ.. بارسێلۆنا و مانچێستەر یونایتد بەهێزترین یاری دەکەن

07-11-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یۆرۆپالیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تیروپشکی قۆناخی پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ راکێشرا، لە یارییەکی ئاگرین و بەهێزدا، هەردوو یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
تیروپشکەکە لە شاری نیۆنی سویسرا راکێشرا، یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی کە نەیتوانی بگاتە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر یانەی نانتی فەرەنسی یارییدەکات، یانەی رۆمای ئیتاڵی بەرامبەر یانەی سالزبۆرگی نەمسایی یارییدەکات.
 
یارییەکی دیکەی بەهێزی یۆرۆپالیگ لە قۆناخی پلەی ئۆفدا، رووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانەی سێڤییای ئیسپانی و ئایندهۆڤنی هۆڵەندییە و ئایاکسیش بەرامبەر یانەی یەنیەن بەرلینی ئەڵمانی یارییدەکات.
 
ئەنجامی تیروپشکی قۆناخی پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ
 
بارسێلۆنا - مانچێستەر یونایتد
ئایندهۆڤن - سێڤییا
رۆما - سالزبۆرگ
یوڤێنتوس - نانت
ئایاکس - یەنیەن بەرلین
سپۆرتینگ لیشبۆنە - میتیلاند
شاختار دۆنێتسک - رێن
بایرلیڤەرکوزن - مۆناکۆ
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر یونایتد دەڵێت " جارێکی دیکە ئێمە لە تیروپشکدا کەوتینە بەرامبەر تیپێکی بەهێز، رکابەری دەکەین، مانچێستەر یونایتد تیپێکی نایابە و لەگەڵ تێن هاگ هەست بە ئارامی دەکات و توانای تاکەکەسیی زۆرباشی هەیە."
 
راهێنەری بارسێلۆنا زیاتر گوتی " رکابەری دەکەین و شرۆڤەی مانچێستەر یونایتد دەکەینم بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە بۆ ئێمە ئاڵنگارییە و کە پێشتر ئەم نازناوەمان نەبردووەتەوە، یارییەکە بۆ هەردوو یانە گەورە دەبێت."
 
لەبارەی دابەزینی ئاستی رۆناڵدۆوە چاڤی دەڵێت " ئەو یاریزانێکی نایابە، یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی رابردوو، بەدڵنیاییەوە جیاوازی دروستدەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە