برۆنۆ فێرناندێز: ئێمە لە ئاستی مانچێستەر سیتیدا نین

07-11-2021
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

برونۆ فێرناندێز، ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، دان بەوەدا دەنێت کە ئەوان لە ئاستی مانچێستەر سیتی رکابەریاندا نین، دەشڵێت "دەبێت کەم بڵێین و زۆر کار بکەین بۆ ئەوەی خۆمان بگۆڕین و وەک ئەوان بین".
 
لە یاریی دێربیی مانچێستەردا، لە گەڕی 11ـی پرێمەرلیگدا، کە مان سیتی بە ئاستێکی زۆر بەرز دەرکەوت و مان یونایتد نەیتوانی هیچ شتێک پێشکەش بکات، تیپەکەی پێپ گواردیۆلا بە ئەنجامی 2-0 لە تیپەکەی ئۆلێ سۆلشایەری بردەوە.
 
دوای یارییەکە برونۆ فێرناندێز، بێهیوایی خۆی راگەیاند و رەخنەی لە خۆی و هاوڕێکانی گرت و گوتی "دەبێت کەم بڵێین و زۆر کاربکەین".
 
یاریزانی پۆرتوگالی، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "زەحمەتە هیچ شتێک بڵێین، لەبەرئەوەی نەمانتوانی ئاستێکی باش پێشکەش بکەین، دەبێت بگۆڕێین، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا زۆرجاری دیکەش روویداوە".
 
ئەو زیاتر گوتی "دەبێت بەرزترین ئاست پێشکەش بکەین، پێشتریش لێرە ئەوە قسەیەم کردووە، دەبێت کەم بڵێین و زۆر کار بکەین، ئەوەی ئێمە پێشکەشمان کرد بەس نەبوو".
 
یاریزانی پۆرتوگالی تەمەن 27 ساڵی، روونیشیکردەوە "ئەوان رووبەر و کات لەگەڵ تۆپیان بەدەستەوە بوو، کە نابێت ئەمە لەگەڵ تیپێکی وەک مانچێستەر سیتی و ئەو جۆرە یاریزانانە رووبدات".
 
ئەستێرەی شەیتانە سوورەکان، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "ئەگەر بمانەوێت وەک ئەوان بین، پێویستە زیاتر پێشکەش بکەین، بەتایبەتی کە ئەوان پیشانیانداین کە ئێمە لە ئاستی ئەواندا نین".
 
بەوەش کۆتایی بە قسەکانی هێنا، کە گوتی "پێویستە هەر یاریزانێک سەیری خۆی بکات، دەبێت بزانێت کە ئێمە چ شتێک بە هەڵە دەکەین، ناتوانین عەقڵیەتی هیچ کەسێکی دیکە بگۆڕین، دەبێت سەیری خۆمان بکەین و بزانین کە دەبێت ئاستێکی بەرزتر پێشکەش بکەین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە