یۆرۆلیگی باسکە.. ریال، بایرن، سێسکا و فەنارباخچە بردییانەوە

07-11-2020
سه‌فین ته‌ها @safintaha
.
.
A+ A-

رووداو دیجیتال

یانەی ریال مەدرید بۆ بردنەوە لە یانەی زالگیریس کاوناسی میوانداری تووشی زەحمەتییەکی زۆر بووەوە، دوای ئەوەی بە جیاوازی سێ خاڵ یارییەکەی یەکلاکردەوە.

ریال مەدرید لە خاکی لیتوانیا و لە هۆڵی لاگیریۆ ئارێنا لە شاری کاوناس بووە میوانی یانەی زالگیریس ئارێنا و یارییەکەی بە ئەنجامی 93 خاڵ بەرامبەر بە 92 خاڵ لێبردەوە.

ئەمە دۆڕانی دووەم بوو بۆ نوێنەرەکەی لیتوانیا لە یۆرۆلیگی باسکەدا، بردنەوەکەی ریال مەدریدیش لەم یارییەدا بە لێهاتوویی والتەر تاڤارێس بوو کە لە چارەگی کۆتاییدا ئاستی گەیشتە لووتکە، بە درێژایی یارییەکەش 22 خاڵی بۆ یانە سپییەکە تۆمارکرد.

فاکوندا کامبازۆ 19 خاڵی دیکەی بۆ یانەی شاهانە هێنا و تۆماس والکاپیش لە یانەی زالگیریس توانی 18 خاڵ بۆ تیپەکەی بهێنێت، بەڵام نەیانتوانی یارییەکە ببەنەوە.

لە یارییەکی دیکەی باسکەی ئەوروپادا، یانەی سیێسکا مۆسکۆی رووسی بە ئاست و ئەنجام شکستی بە یانەی پاناتیناکۆسی یۆنانی هێنا.

لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی، بە درێژایی یارییەکە یانەی سیێسکا مۆسکۆ لە ئەنجامدا لەپێش یانەی پاناتینایکۆسەوە بوو، ئەنجامی کۆتاییش 89 خاڵ بەرامبەر بە 83 خاڵ لە سوودی یانە رووسییەکە بوو کە یارییەکەیان بردەوە.

لە ناوەڕاستی یارییەکەدا پاناتینایکۆس جیاوازییەکەی بۆ تەنیا خاڵێک کەمکردەوە، ئەوکاتەی 53 بە 52 بوو، بەڵام بە لێهاتوویی ویڵ کلیبێرن کە 15 خاڵی تۆمارکرد و شەش ریباوندی بەرگریشی هەبوو، توانیان جیاوازیی خاڵەکان زیاتربکەن.

ئەنجامی کۆتاییشی 89 خاڵ بەرامبەر بە 83 خاڵ بوو بۆ یانەی سیێسکا مۆسکۆ، بەمەش یانە رووسییەکە گەیشتە پلەی حەوتەمی ریزبەندی هاوشانی یانەی پاناتینایکۆس.

پاش دۆڕانەکەیان بەرامبەر بە یانەی ریال مەدرید لە هەفتەی رابردوو، یانەی بایرن میونشن بەبەهێزی گەڕایەوە و شکستی بە یانەی رێد ستار بەلگرادی سێربی هێنا.

لە درێژەی یارییەکانی پاڵەوانێتیی یۆرۆلیگ بۆ باسکە، یانەی بایرن میونشن لە هۆلی ئاودی دۆمە لە شاری میونشن میوانداری یانەی رێد ستار بەلگرادی سێربی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی 74 خاڵ بەرامبەر بە 59 خاڵ لێبردەوە، بەمەش بردنەوەی پێنجەم لە دوایین شەش یاریدا بۆ یانە ئەڵمانییەکە بەرهەمهات.

میونشن لەم وەرزەدا تەنیا دوو یاری دۆڕاندووە، یەکیان بەرامبەر ریال مەدرید و ئەوەی دیکەش بەرامبەر بە ئارمانی میلانی ئیتالی بوو.

باڤارییەکان ئێستا چوونەتە پلەی سێیەمی خولەکە و لەدوای زالگیریس و بارسێلۆناوەیە.

لە یارییەکی دیکەی یۆرۆلیگدا، یانەی فەنارباخچەی تورکی لە خیمکیی رووسی بردەوە.

فەنار لە شاری ئیستنەبوڵ و هۆڵی ئولکێر میوانداریی یانەی خیمکیی رووسی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی 83 خاڵ بەرامبەر بە 71 لێبردەوە.

گارێل ئیدی و دیشۆن پیێر هەرکەیان 16 خاڵیان تۆمارکرد و یارمەتی یانە تورکییەکەیاندا بۆ بردنەوەی یارییەکە و چوارەم سەرکەوتنیان بۆ یانەی کەناری نووسییەوە لە بەرامبەر سێ شکستدا لەم وەرزە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە