پێشكۆتایی تێنسی پاریس.. نادال و زڤێرێڤ، مێدڤیدێڤ و راونیچ

رووداو دیجیتال 

یارییەکانی پاڵەوانێتیی پاریس گەیشتنە قۆناخی پێشکۆتایی، دوای ئەوەی رافایل نادالی ئیسپانی خۆی گەیاندە کاروانەکە و بەبردنەوەی لە پابلۆ کارینۆی هاونیشتیمانی، توانی بلیتێکی چوارگۆشەی زێڕین بەدەستبهێنێت.

نادال بەبردنەوەی لە کارینۆ، ئەو یاریزانەی بەیەکجاری بێبەشکرد لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی کۆتایی ساڵ و بلیتەکە بۆ شوارتزمانی ئەرجەنتینی رۆیشت.

نادال یارییەکەی بە ئەنجامی دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک بردەوە، هەرچەندە لە کۆمەڵەی یەکەمدا بە ئەنجامی چوار شەش دۆڕا، بەڵام لە کۆمەڵەی دووەم و سێیەمدا حەوت پێنج و شەش یەک بردییەوە و گەیشتە پێشکۆتایی.

لەو قۆناخەشدا بەرامبەر بە ئالێکساندەر زڤێرێڤی ئەڵمانی یاری دەکات.

ئالێکساندەر زڤێرێڤی ئەڵمانی بەبردنەوەی لە ستانیسلاس ڤاڤرینکای سویسری خۆی گەیاندە یاریی پێشکۆتایی پاڵەوانێتیی تێنسی پاریس.

ڤاڤرینکا یارییەکەی بە ئەنجامی دوو کۆمەڵەی بێ وەڵام بردەوە، لە کۆمەڵەی یەکەمدا شەش سێ براوەبوو، بەڵام لە کۆمەڵەی دووەمدا یارییەکی بەهێز بینرا و هەردوو یاریزان رکابەرییان دەکرد تا گەیشتە تای برێک، ئەوەبوو زڤێرێڤ بە ئەنجامی حەوت بە یەکە تای برێکەکەی بردەوە و کۆمەڵەی دووەمیشی حەوت شەش لە سوودی خۆی بەکۆتاهێنا.

لە قۆناخی داهاتوودا زڤێریڤی ئەڵمانی بەرامبەر بە رافایل نادالی ئیسپانی یاری دەکات، زڤێرێڤ لە کۆی پێنچ یاری رابردوویدا تەنیا یەک جار توانیویەتی لە نادال بباتەوە ئەویش لە ساڵی رابردوو بوو لە فایناڵی پاڵەوانێتیی لەندەن.

لە یارییەکی دیکەی پاڵەوانێتیی تێنسی پاریس و لە قۆناخی هەشتدا، دانیێل مێدڤیدێڤی رووسی شکستی بە دیێگۆ شوارتزمانی ئەرجەنتینی هێنا و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی.

مێدڤیدێڤ یارییەکەی بە ئاسانی و بە ئەنجامی دوو کۆمەڵەی بێ بەرامبەر لە شوارتزمان بردەوە، بەمەش بەمەش هیواکانی بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی کۆتایی ساڵ دەبووژێتەوە ئەگەر ئەنجامەکانی لەم پاڵەوانێتییەدا باشتربن کە یەکەم جاری دەبێت ئەگەر بەشداری بکات.

مێدڤیدێڤ پێویستی بە یەک کاژێر و سێ خولەک هەبوو بۆ کۆتاییهێنان بە یارییەکە و بردنەوەی بە ئەنجامی شەش سێ و شەش یەک.

لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر بە میلۆش راونیشی کەنەدی یاریدەکات.

میلۆش راونیچی کەنەدی گەیشتنی بە قۆناخی پێشکۆتایی یەکلاکردەوە دوای ئەوەی لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتیی پاریسدا شکستی بە ئوگۆ هومبێری فەرەنسی هێنا.

لە یارییەکی قورس و زەحمەتدا بۆ راونیچ، کوڕە کەنەدییەکە بە ئەنجامی دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک شکستی بە هومبێر هێنا و ئەنجامەکەش شەش سێ، سێ شەش و حەوت شەش بوون.

راونیچ لە پێشکۆتایی بۆ جاری سێیەم لە مێژوویدا بەرامبەر بە مێدڤیدێڤ یاریدەکات کە هەرگیز نەیتوانی لەو کوڕە رووسییە بباتەوە.