گواردیۆلا: یارییەکەمان بەرامبەر لیڤەرپوول وەک هەڵبژاردنی ئەمریکا گرنگە

07-11-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن گواردیۆلا
A+ A-

گواردیۆلا: یارییەکەمان بەرامبەر لیڤەرپوول وەک هەڵبژاردنی ئەمریکا گرنگە

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، بەڕێوەبەری هونەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەڵێت، یارییەکەمان بەرامبەر لیڤەرپوول بەهەمان شێوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا گرنگە.

گواردیۆلا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی بەشداریکردنی سێرجیۆ ئەگوێرۆ لەو یارییەدا کە رۆژی یەکشەممە دەکرێت گوتی، ئەگوێرۆ بۆ یارییەکە ئامادەنییە.

لەبارەی گرنگیی یارییەکەوە پێپ دەڵێت، یارییەکەمان وەک هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا گرنگە، چۆن دەبێت ئەوان هەموو دەنگەکان بژمێرن، ئێمەش چەند خاڵێک هەیە کە لە پێناویدا یاریی دەکەین.

راهێنەری مان سیتی زیاتر گوتی، یارییکەمان بەرامبەر یەکێک لە بەهێزترین یانەکانە و ئەمەش شتێکی جوانە، ساڵی رابردوو تیپێکی نموونەیی بوون، خاوەنی هەمان راهێنەری چەند ساڵی رابردوون، باش دەبێت ئەگەر بەرامبەریان لە ئاستی خۆماندابین.

گواردیۆلا بە رۆژنامەڤانانی گوت، سەرەڕای هەموو شتێک هێشتا حەوت یاریی لەم وەرزەدا کراون، دەزانم بۆ ئەوەی لێیان ببەینەوە پێویستە ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەین، وەرزی رابردوو دۆڕاین و بردمانەوە، دەمانەوێت باشترین پێشکێشبکەین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ببەینەوە.

لەبارەی ئەوەی کە یۆرگن کڵۆپ گوتبووی، رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی لە دەرەوەی یاریگەی خۆت بۆ هەموو یانەیەک قورسە، گواردیۆلا گوتی، بەدڵنیاییەوە، هەموو کاتێک نا، بەڵام 95%ـی کاتەکان لەگەڵ یۆرگن هاوڕام.

گواردیۆلا لەبارەی ئەوەی کە کێ بۆ بردنەوەی یارییەکە بەربژێرە گوتی، لیڤەرپوول بە تیپێکی بڕواپێنەکراو دەمێنێتەوە، هەموو یاریزانەکانی کە لەو یانەیەدا یارییدەکەن دەزانن چی دەکەن، بینیمان بەرامبەر ئاتالانتا چ ئاستێکیان پێشکێشکرد، ئێمە وەرزی رابردوو بەرامبەریمان یارییمان کردووە و بە زەحمەت سەرکەوتین، لیڤەرپوول بۆ هەمیشە لە لووتکەدا دەمێنێتەوە.

راهێنەرە ئیسپانییەکە دەڵێت، لیڤەرپوول دیارترین بەربژێرە بۆ بردنەوەی پرێمەرلیگ، بەڵام لەگەڵ کۆرۆنا بارودۆخەکە جیاوازە، تیپی دیکەی بەهێز هەن، لێستەر وەرزی رابردوو بەرگریی لە ئاستەکەی کرد، ئارسیناڵ هەنگاوی باش دەهاوێژێت و ئەگەری هەیە بەربژێر بێت، تۆتێنهام و مۆرینیۆ تیپێکیان هەیە و ئەوەیان دەوێت.

رۆژی یەکشەممە، لە یاریی لووتکەی گەڕی هەشتەمی پرێمەرلیگدا، کاژێر 19:30یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی لیڤەرپوول یارییدەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە