گۆڵپارێزانی خولی پرێمەرلیگ رکابەری لەسەر کلین شیت دەکەن

لە تۆپی پێدا دەڵێن، گۆڵپارێز نیوەی تیپە، هەندێکیش دەڵێن گۆڵپارێزی باش سێ بەشی تیپە، ئەمە قسەی ئەو راهێنەر و شیکەرە وەرزشیانەیە کە ماوەیەکی زۆر سەریان لە تۆپی پێدا سپی کردووە.

باشترین ئەو ١٠ گۆڵپارێزەی لە مێژووی پرێمەرلیگدا زۆرترین کلین شیت، واتا زۆرترین جار پارێزگاریان لە خاوێنی گۆڵەکەیان کردووە.

لە پلەی دەیەم دەستپێدەکەین، شای گیڤن گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئێرلەندا و یانەکانی، بلاکبێرن، نیوکاسڵ، مانچێستەر سیتی و ئاستۆن ڤێلا، ١١٣ جار پارێزگاری لە تۆڕی گۆڵەکەی کردووە.

لە دوای گیڤن و لە پلەی نۆیەمدا، تیم هاواردی ئەمەریکی دیت، هاوارد لە یانەکانی مانچێستەر یونایتد و دواتریش تاوەکو ئێستا لە یانەی ئیڤێرتۆن یاریدەکات و ١٢٨ کلین شیتی هەیە.

پلەی هەشتەم بەر گەورە گۆڵپارێزی مێژوو، پیتێر شمایکڵی دانیمارکی کەوتووە، کە ١٢٨ جار پارێزگاری لە خاوێنی گۆڵەکەی کردووە و لە یانەکانی، مانجێستەر یونایتد، ئاستۆن ڤێلا و مانچێستەر سیتیدا یاریکردووە.

پلەی حەوتەم براد فریدلی ئەمەریکییە، کە لە یانەکانی لیڤەرپوول، ئاستۆن ڤێلا، بلاکبێرن و تۆتێنهام یاریکردووە و ١٣٢ یاری گۆڵەکەی نەهەژێنراوە.

هەر لە پلەی حەوتەم ئیدوین ڤاندێرساری باشترین گۆڵپارێزی مێژوویی هۆڵەندا، کە بە هەمان شێوەی فریدل ١٣٢ یاری تۆڕی گۆڵەکەی نەهەژێنراوە، پێشتریش لە ریزی یانەکانی فۆڵهام و مانجێستەر یونایتد یاریکردووە.

لە پلەی شەشەمدا پیپی ریێنای ئیسپانیە، کە بۆ ماوەی نۆ ساڵ بەرگری لە گۆڵی لیڤەرپوول کرد، لە ١٣٤ یاریشدا گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرت.

پێنجەم گۆڵپارێز، نایگڵ مارتنی گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە، کە لە ١٣٨ یاریدا نەیهێت گۆڵی لێتۆماربکرێت، لە یانەکانی بریستۆل، کریستال پاڵاس، لیدز یونایتد و ئیڤێرتۆن یاریکردووە.

پاش مارتن، پلەی چوارەم بووەتە بەشی دەیڤد سیمانی ئینگلیزی کە بە سمێڵ و قژە درێژەکەیەوە ناسرابوو، سیمان گۆڵی هەریەک لە یانەکانی ئارسیناڵ و مانچێستەر سیتی بۆ لە ١٤٢ یاریدا پاراستووە.

سێیەم گۆڵپارێز، مارک شوارزەری ئوسترالیە، کە لە ١٥٢ یاریدا نیهێشتووە یاریزانان بەگژ گۆڵەکەیدا بچن، پارێزگاریشی لە گۆڵی یانەکانی برادفۆرد، فۆڵهام، چێڵسی و لیستەر سیتی کردووە.

پیتەر چێک، باڵا عەرعەریەکەی چیکیا، یاری بۆ یانەکانی چێڵسی و ئارسیناڵ ئەنجامداوە، ١٦٧ یاری گۆڵی لێتۆمارنەکراوە

پلەی یەکەم و پێشەنگیش بووەتە پشکی دەیڤد جەیمسی گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە، جەیمس یاری بۆ زۆر لە یانەکانی ئینگلتەرا کردووە، گرنگترینیان، لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی بوو، گۆڵپارێزە ئینگلیزیەکە لە ١٧٠ یاریدا کلین شیتی هەبووە، کە رەنگە تاماوەیەکی زۆر هیچ گۆڵپارێزێک نەتوانێت ئەم ژمارەیە بشکێنێت.